بەهای خۆراكی زەیتی ماسی

بەهای خۆراكی زەیتی ماسی
زەیتی ماسی Fish oil سەرچاوەیەكی دەوڵەمەندە بە ترشە چەورییەكانی ئۆمیگا 3 بەتایبەتی جۆری EPA و DHA. زەیتی ماسی لە شانە چەورییەكانی ماسیی ئاوی سارد بەدی دەكرێت وەكو سالمۆن، ساردین، ماكاریل، هەروەها زەیتی ماسی بە شێوەی كەپسول لە دەرمانخانەكاندا هەیە بۆ ئەو كەسانەی كە لەبەر هەر هۆكارێك ماسی ناخۆن. زەیتی ماسی و ترشە چەورییەكانی ئۆمیگا 3 بەتایبەتی یارمەتیدەرن بۆ تەندروستیی مێشك و لەش. ماددەی EPA دڵ لە نەخۆشی دەپارێزێت، ماددەی DHA لە پێكهاتەی پەردەی دەمارەخانەكان لە مێشكدا بەشدارە و رۆڵی پۆزەتیڤی هەیە لە گەشە و فرمانەكانی مێشكدا. سوودە تەندروستییەكانی زەیتی ماسی بریتین لە: كەمكردنەوەی نیشانەكانی هەوكردن، كەمكردنەوەی ئەگەری روودانی نۆرەی دڵ و جەڵتەی مێشك، خۆپاراستن لە تووشبوون بە چەندین جۆری شێرپەنجە، سووككردنی نیشانەكانی هەوكردنی رۆماتیزمی جومگەكان، هەروەها زەیتی ماسی بۆ گەلێك حاڵەت و نەخۆشی دیكە سوودبەخشە، بۆ نموونە نەخۆشیی شەكرە، ئاستی بەرزی كۆلیستیرۆل، گرژی و ئازارەكانی سووڕی مانگانە، نەخۆشیی خوێنبەرەكانی دڵ، شێرپەنجەی مەمك، زوو لەبیرچوونەوە، خەمۆكی. كەمی ئۆمیگا 3 لە خۆراكدا رێگا خۆش دەكات بۆ تووشبوون بە گەلێك نەخۆشی، هەروەها دەبێتە ئەگەری زیاد تێنووبوون، زوو میزكردن، وشكبوونی قژ و پێست. واباشە كە یەكێكی پێگەیشتوو هەفتانە بە لای كەم 2-3 جار ماسیی ئاوی سارد بخوات، ئەگەر كەپسولی زەیتی ماسی بەكاردێنیت، ئەوا پێویستە كە رۆژانە 2 گرام وەربگریت كە هەردوو جۆری چەوری EPA و DHA لەخۆبگرێت.
Top