شەكرە شاراوەكان

شەكرە شاراوەكان
ئەوە روون و ئاشكرایە كە شەكر بە دوژمنی دڵ ناسراوە، زیاد خواردنی شەكر چەندین زیان بە تەندروستی دەگەیەنێت، بۆیە بۆ پاراستنی تەندروستی واباشە كە پیاو رۆژانە پتر لە 9 كەوچكی كوپ و ئافرەت پتر لە 6 كەوچكی كوپ شەكر نەخوات. بە پێی ئامارەكان تاكێكی ئەمەریكی رۆژانە نزیكەی 22 كەوچكی كوپ لە شەكرە زیادەكان دەخوات. ئەمەش سەلمێنراوە كە بڕی شەكری رۆژانە كاریگەری هەیە لەسەر مەزاج و ددان و جومگەكاندا، زیاد خواردنیشی ئەگەری تووشبوون بە بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و بەرزبوونەوەی ئاستی چەوری گلیسریدە سیانییەكان زیاد دەكات. بۆ كەمكردنەوەی بڕی شەكری رۆژانە، جگە لە كەمكردنەوەی شەكر لە خۆراك و شلەمەنییەكاندا، پێویست دەكات كە زانیارییە نووسراوەكانی سەر خۆراكە پاكێتكراو و قوتووبەندەكان بە وردی بخوێنیتەوە پێش بەكارهێنان كە لەوانەیە جگە لە وشەی شەكر Sugar جۆرەكانی دیكەی شەكرە شاراوەكان Hidden sugars بە چەندین ناوی دیكەوە بنووسرێن وەكو: دێكسترۆز Dextrose، سوكرۆزSucrose، گلوكۆز Glucose، چڕكراوەی شیرەی میوە، شیرەی جۆ Malt syrup، ماڵتۆز Maltose، مۆلاس Molasses، شیرەی گەنمەشامی Corn syrup، شیرەی قامیش Cane juice.
Top