ئەگەرچی زەیتوون Olives رێژەیەكی بەرزی چەوری لەخۆدەگرێت، بەڵام 75%ی ئەم چەورییانە لە جۆری یەكانە ناتێرەكانن Monounsaturated كە بە چەورییە باشەكان ناسراون، چونكە لە لەشدا دەبنە ئەگەری دابەزاندنی ئاستی كۆلیستیرۆلی خراپ و بەرزبوونەوەی ئاستی كۆلیستیرۆلی باش. زەیتوون سەرچاوەیەكی باشە بۆ ڤیتامین A كە سیفەتی دژەئۆكسانی هەیە و لەش لە تووشبوون بە چەندین نەخۆشی دەپارێزێت. پێكهاتە گرنگەكانی دیكەی زەیتوون بریتین لە كانزای ئاسن، كانزایی كۆپەر، هەروەها ریشاڵ. لە لێكۆڵینەوەكاندا هاتووە كە ماددە دژەئۆكسانەكانی زەیتوون لە پۆلیفینۆلیكەكان Polyphenolics و فلاڤۆنۆیدەكان Flavonoids دژی هەوكردن و شێرپەنجە كاردەكەن و رێگادەگرن لە كۆلیستیرۆل كە بە كرداری ئۆكساندا تێپەڕێت و ببێتە ئەگەری رەقبوونی خوێنبەرەكان و نەخۆشیی دڵ. زەیتوون قۆڵۆن لە شێرپەنجە دەپارێزێت، سەختی نیشانەكان كەم دەكاتەوە لە تووشبووان بە رەبو، لە سەختی نیشانەكانی داڕووشانی جومگەكان(سەوەفان) و هەوكردنی رۆماتیزمی جومگەكان كەم دەكاتەوە. هەروەها لە چەندین لێكۆڵینەوەدا هاتووە كە خواردنی زەیتوون نیشانەكانی پەیوەست بە تەمەنی وەستانی یەكجارەكی سووڕی خوێنی مانگانە لە ئافرەتاندا Menopause كەم دەكاتەوە بەتایبەتی چڕی تەزووە گەرمەكان Hot Flashes سووكتر دەكات كە ناوچەی پێشەوەی سینگ و ناوچەی مل دەگرنەوە و رۆژانە چەندین جار ئافرەت بە توندی ناڕەحەت دەكەن.