هەستكردن بە جووڵەی كۆرپە یەكێكە لە قۆناغە گرنگەكانی دووگیانی، ئەم جووڵە سادانە ئافرەت لەوە دڵنیا دەكەنەوە كە كۆرپە سەلامەت و لە گەشەكردندایە و هەستێكی دەروونی پۆزەتیڤ بە ئافرەتی دووگیان دەبەخشن. ئافرەتی دووگیان هەست بە یەكەم جووڵەی كۆرپە Quickening دەكات لە ماوەی نێوان هەفتەی 16-25 دووگیانیدا، لە دووگیانی نۆبەرەدا لەوانەیە كە هەستكردن بە جووڵەی كۆرپە دوابكەوێت بۆ نزیك هەفتەی 25 ی دووگیانی، لە دووگیانی دووەمدا لەوانەیە كە جووڵەی كۆرپە لە هەفتەی 13 ی دووگیانیدا هەستی پێبكرێت. جووڵەی كۆرپە زیاتر لەو كاتەدا هەستی پێدەكرێت كە ئافرەت لە حاڵەتێكی جێگیردا دەبێت وەكو دانیشتن یان پاڵكەوتن. لە سەرەتادا ژمارەكانی جووڵەی كۆرپە كەمن پاشان بەتایبەتی لە 3 مانگی دووەمی دووگیانی و لەگەڵ گەشەكردندا جووڵەی كۆرپە زیاتر و بەهێزتر دەبن كە لەوانەیە بگاتە 30 جار لە یەك كاتژمێردا. كۆرپە زیاتر لە نێوان كاتژمێر 9 ی پاش نیوەڕۆ و 1ی بەیانیدا دەجووڵێت لەبەر گۆڕان لە ئاستی شەكری خوێندا، هەروەها كۆرپە گەلێك جار وەكو كاردانەوە بەرانبەر بە دەنگ و بەركەوتن دەجووڵێت. كەمبوونەوی جووڵەی كۆرپە مانای ئەوەیە كە كۆرپە لە تەنگژەدایە و پێویستی بە دكتۆر هەیە بەتایبەتی لە پاش هەفتەی 28 ی دووگیانیدا، ئەگەر جووڵەی كۆرپە لە ماوەی 2 كاتژمێردا لە 10 جار كەمتر بوو ئاگاداری دكتۆر بكەرەوە.