زۆربەی ئافرەتە دووگیانەكان سوودی زۆر لە مەشقی وەرزشی وەردەگرن بە مەرجێك لەژێر رێنمایی دكتۆر ئەنجام بدرێت. هەڵبژاردنی جۆر و ئاستی مەشقی وەرزشی لەكاتی دووگیانیدا بەندە بە لیاقەی ئافرەت بەر لە دووگیانی. سوودەكانی مەشقی وەرزشی لەكاتی دووگیانیدا بۆ ئافرەت و كۆرپەكەی بریتین لە: هەستكردن بە لەشساغی و باشتربوونی ئاستی وزە، كەمبوونەوەی ئازار و ناڕەحەتی پشت، بەهێزبوونی تۆنی ماسوولكەكانی پشت و ران، كەمبوونەوەی ئەگەری قەبزی كە لەگەڵ دووگیایدا روودەدات، هاندانی خەوێكی سووك و ئارامتر، سووككردنی سترێس و نیگەرانی پەیوەست بە دووگیانی و منداڵبوون، هاندانی هاتوچۆی خوێن بۆ پێست، یارمەتیدانی لەش لە ئامادەباشی بۆ كرداری لەدایكبوونی كۆرپە لەوكاتەی كە ماسوولكەی بەهێز و دڵێكی خاوەن لیاقە كردارەكە ئاسان دەكەن و لە ئازارەكانی سووك دەكەن. پاش هەڵبژاردنی بەرنامەی مەشقی وەرزشی لە لایەن دكتۆر، ئەم هەنگاوانە پەیڕەو بكە: لەسەرخۆ و بەرە بەرە دەستپێبكە، هەتا ئەگەر سەرەتا رۆژانە تەنیا بە 5 خولەك دەستپێبكەیت، پاشان هەفتانە 5 خولەك زیاد بكە تا دەگاتە 30 خولەك لە رۆژێكدا، جلی گوشا و ستیانی گونجاو لەبەربكە، بڕێكی باشی ئاو بخۆرەوە بۆ رێگرتن لە كەمبوونەوەی شلەی لەش و هەستكردن بە گەرمی، هەر كە هەستت بە ئازار یان نیشانەیەكی نائاسایی كرد یەكسەر واز لە مەشقەكە بێنە و ئاگاداری دكتۆر بكەرەوە.