هەوكردنی بۆڕیی هەناسە Bronchitis بریتییە لە هەوكردنی ناوپۆشی بۆڕییەكانی هەناسە لە قوڕگەوە تا دەگاتە سییەكان، لەوانەیە تیژ یان درێژخایەن بێت. هەوكردنی تیژی بۆڕیی هەناسە بەگشتی لەپاش تووشبوون بە هەڵامەت یان ئەنفلوەنزا روودەدات، ڤایرۆس هۆكاری سەرەكی هەوكردنەكەیە، هەوكردنی تیژ لەوانەیە كە بۆ چەند هەفتەیەك درێژە بكێشێت، بەڵام زۆربەی حاڵەتەكان لەخۆیانەوە چاكدەبنەوە. هەوكردنی درێژخایەنی بۆڕیی هەناسە زیاتر لە جگەرەكێشەكاندا بەدی دەكرێت، هەروەها لەو كەسانەدا كە بەردەوام رووبەڕووی تۆز و بۆن یان هەڵمی چەند ماددەیەكی كیمیایی دەبنەوە وەكو: ئەمۆنیا، كلۆر، ترشە بەهێزەكان، سەلفایدی هایدرۆجین H2S، دووەم ئۆكسیدی سەلفەر S02، برۆم. هەوكردنی درێژخایەنی بۆڕیی هەناسە لەوانەیە كە هەڵبەزین و دابەزین بەخۆیەوە ببینێت، بەڵام لەوانەشە كە لە هەندێك حاڵەتدا هەرگیز بە یەكجاری بنبڕ نەبێت. نیشانەكانی هەوكردنی بۆڕی هەناسە بریتین لە: كۆكەیەكی قووڵی بەئازار، بینینی دەردراوی زەرد یان دەردراوی لینجی سەوز لەگەڵ كۆكەدا، هەناسەتەنگی، هەستكردن بە توندبوونی سینگ، بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی لەش، سووتانەوەی قوڕگ Sore throat. بەكارهێنانی دەرمانی دژەژی یان دژە بەكتریا گرنگترین هەنگاوە بۆ چارەسەركردنی هەوكردنی بۆڕیی هەناسە، لە زۆربەی حاڵەتەكاندا چاندنی دەردراوی كۆكە لە تاقیگا بۆ دیاركردنی جۆری بەكتریا گرنگی زۆری هەیە، هەروەها حەسانەوە، زیاد خواردنەوەی شلەمەنی، بەكارهێنانی بەخاخی Inhalers ستیرۆیدی بۆ ئاسانكردنی كرداری هەناسەوەرگرتن هەنگاوی دیكەن لەگەڵ دەرماندا پەیڕەودەكرێن.