هەوكردنی ڤایرۆسی جگەر C

هەوكردنی ڤایرۆسی جگەر C
هەوكردنی خانەكانی جگەر بە ڤایرۆسی HCV لە 85%ی حاڵەتەكاندا دەبێتە درێژخایەن Chronic، ئاستی ئەنزیمەكانی جگەر بەرزدەبێتەوە كە مانای تێكچوونی خانەكانی جگەر دەگەیەنێت. ڤایرۆسی هەوكردنی جگەر C بە رێگای خوێن دەگوازرێتەوە بەتایبەتی ئەوانەی كە هەمان نیدلی دەرزی بەكاردێنن یان لە كارمەندانی تەندروستی لەكاتی بریینداربوون بە نیدل، هەروەها لەوانەیە كە لە دایكی دووگیانی تووشبووەوە بۆ كۆرپەكەی بگوازرێتەوە، بە رێژەی 4% لە رێگای بەیەكگەیشتنی سێكسییەوە دەگوازرێتەوە. نزیكەی 75%ی تووشبوون بەم ڤایرۆسە بێ نیشانەن، لە 25%ی تووشبوواندا نیشانەكان دەردەكەون بە شێوەی هەستكردن بە ماندووبوون، كەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن، بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش، ئازاری ماسوولكە، زەردوویی Jaundice لە دوا قۆناغەكاندا. بەگشتی نیشانە گەورەكان لەوكاتەدا بە زەقی دەردەكەون كە رێژەیەكی زۆری خانەكانی جگەر لەكاردەكەون و دوچاری مۆمبوون Cirrhosis دەبن كە نیشانەكانی بریتین لە: بێهێزیی گشتی لەش، كەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن، كەمبوونەوەی كێشی لەش، پەیدابوونی پنتی سوور Rash لەسەر بەری دەستەكاندا، گەورەبوونی مەمك لە پیاودا، گرفت لە مەیینی خوێن لەكاتی خوێنبەربووندا، بەرجەستەبوونی موولووەكانی خوێن لە پێستدا. گواستنەوەی جگەر Liver transplantation گەلێك جار دەبێتە دوا رێگای چارەسەر بۆ هەوكردنی ڤایرۆسی جگەر C دادەنرێت.
Top