ئایا تۆ یەكێكیت لەو كەسانەی كە بە ریجیمی خۆراك و مەشقی وەرزشی بەردەوام كێشی لەشت دانابەزێت؟ ئەگەر وابێت ئەوا لەوانەیە كە هۆكارەكەی بگەڕێتەوە بۆ گرفت لە گلاندی دەرەقیت بە شێوەی سستبوونی گلاندەكە Hypothyroidism. ئەگەر لەپاش پشكنینەكان دەركەوت كە هیچ گرفتێكت نییە لە گلاندی دەرەقی ئەو كاتە سەرەڕای ریجیم و مەشقی وەرزشی، پەیڕەوی ئەم خاڵانە بكە: یەكەم، پەلە مەكە لە بەدەستهێنانی ئەنجام لە ماوەیەكی كەمدا، بیر لە پێشبینی ناواقعی Unrealistic expectations سەبارەت بە كێشی لەشت مەكەرەوە ئەگەرچی كۆمەڵێك بەرنامەی ریجیم بەڵێنی بریقەدار دەدەن كە كێش لە ماوەیەكی كەمدا دادەبەزێنن، هەتا ئەگەر بە خێرایی كێش دابەزێنیت ئەوا زوو كێشت زیاد دەبێتەوە بەسادەیی چونكە ناتوانیت كە بۆ هەمیشە لەسەر هەر یەكێك لەم ریجیمانە بەردەوام بیت. دووەم، هەرگیز تەسلیمی قەڵەوی مەبە بەتایبەتی كە پاش چەند رۆژێك لە ریجیم و مەشقی وەرزشی هیچ دابەزاندێكی كێشت بەدی نەكرد، كات بە لەشت بدە تاكو خۆی بگونجێنێت بۆ شێوازە نوێكەی خۆراك و مەشقی وەرزشی، هەرگیز وا بە ئاسانی كۆڵ مەدە. سێیەم زوو زوو مەچووە سەر قەپان، لەجیاتی ئەوەی كە رۆژانە كێشی خۆت بەسەركەیتەوە هەوڵ بدە كە هەفتانە یەك جار خۆت بكێشیت.