مەترسییەكانی راهاتن لەسەر دەرمان

مەترسییەكانی راهاتن لەسەر دەرمان
راهاتن لەسەر دەرمان Drug addiction نەخۆشییەكی درێژخایەنە، لەوكاتەدا روودەدات كە گەڕان بە دوای دەرمان و بەكارهێنانی دەگاتە ئاستی ئالوودەبوون و تووشبوو ناتوانێت بە هیچ شێوەیەك واز لە دەرمان بهێنێت هەرچەندە بە تەواوی درك بەوە دەكات كە كاریگەری نێگەتیڤی كردۆتە سەر لایەنی جەستەیی و لایەنی دەروونی. چەندین جۆری دەرمان ئەگەری راهاتن زیاد دەكەن، بۆ نموونە ئارامبەخشەكان، دەرمانە خەوێنەرەكان، هاندەرەكانی كۆئەندامی دەماری مەركەزی، هەندێك دەرمانی دژەئازار، دەرمانە ستیرۆیدییەكان Steroids. نیشانەكانی راهاتن لەسەر دەرمان بریتین لە: زیادكردنی بڕی یان ژەمەكانی دەرمان، لاوازبوونی باری ئابووری، دواكەوتن لە كار یان قوتابخانە، پابەندنەبوون بە كاتەكانی كار و بەرپرسیارێتی، گرفت لەبەر پابەندنەبوون بە یاسا، تێكچوونی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان. كاریگەرییە جەستەیی و دەروونییەكانی بەكارهێنان و راهاتن لەسەر دەرمان بریتین لە: خەمۆكی، ئەگەری خۆكوشتن، جێگیرنەبوون و شێوان و شڵەژانی بەردەوامی باری دەروونی، هەستكردن بە ماندووبوون و شەكەتی دەروونی و جەستەیی، خەوزڕان، زیاد خەوهاتن Sleepiness، خۆلەبیركردن و گرنگی نەدان بە جل و بەرگ و پاكوخاوێنی، سستبوونی كرداری هەناسەوەرگرتن و هەناسەدانەوە، خێرابوونی لێدانەكانی دڵ، دەست لەرزین Tremor، هەندێك جاریش فێ یان پەركەم، هەوكردنی پەنكریاس، لەكاركەوتنی جگەر، ئەگەری روودانی نۆرەی كوشندەی دڵ یان جەڵتەی مێشك، زیادبوونی ئەگەری توندوتیژی، ونكردنی كار و پیشە یان وازهێنان لە قوتابخانە و خوێندن.
Top