سەرەڕای پەیڕەوكردنی بەرنامەیەكی دروست و زانستییانە بۆ دابەزاندنی كێشی زیادی لەش لە ریجیمی كەمكردنەوەی كالۆری و مەشقی جەستەیی، هێشتا جەختكردنەوە لەسەر دابینكردنی هەندێك جۆری ڤیتامین و كانزا تێكڕای توانای لەش زێتر دەكەن بۆ سەرفكردنی وزە لەكاتی حەسانەوەدا، بەم شێوەیە ئەگەر بە رێژەیەكی كەمیش بێت هەندێك چەوری یەدەك دەسووتێنرێت واتە كەمێك كێشی لەش دادەبەزێت. پێش هەڵبژاردنی جۆری ماڵتی ڤیتامین Multivitamin لەگەڵ بەرنامەی دابەزاندنی كێشدا دڵنیابە لەوەی كە ئەم ڤیتامین و كانزایانەی خوارەوە لەخۆدەگرێت: ڤیتامین A كە زۆر سوودبەخشە بۆ تووشبووان بە سستبوونی گلاندی دەرەقی Hypothyroidism كە هۆكارێكە بۆ زیادبوونی كێش و قەڵەوی، لێرەدا ئەم ڤیتامینە بە تەنیا یان ماڵتی ڤیتامین سوودی دەبێت. كۆمەڵەی ڤیتامین B زۆر گرنگن بۆ گۆڕینی چەوریی لەش بۆ وزە، دەرەنجام سەرفكردنی وزە و دابەزینی كێشی لەش. ڤیتامین C كە ماددەیەكی دژەئۆكسانی سروشتی و بەهێزە بەرەنگاری كاریگەریی كرداری ئۆكسان لە لەشدا دەبێتەوە، بەمەش كرداری میتابۆلیزم تاو دەدات. كانزایەكانی ئاسن و زینك كاریگەرییەكی پۆزەتیڤ دەكەنە سەر كرداری سووتاندنی چەوریی لەش، هەروەها كرۆم زۆر گرنگە بۆ فرمانی هۆرمۆنی ئینسولین لە رێكخستنی ئاستی شەكری خوێن، كرۆم توانای ئینسولین باشتر دەكات و میتابۆلیزمی شەكری گلوكۆز تاو دەدات، كانزای مەنگەنیزیش زۆر پێویستە بۆ رێكخستنی ئاستی شەكری خوێن و هاندانی كرداری میتابۆلیزمی چەوری لە لەشدا.