یەكێك لە رێگا باوەڕپێكراوەكان بۆ پێوانەی چەوریی لەش و زانینی دروستی كێشی لەش،بریتییە لە پێوانەی تێكڕای بارستایی لەش یان بی ئێم ئایBMI . تێكڕای بارستایی لەش واتە دابەشكردنی كێش بە (كیلۆگرام) بەسەر دووجای دریژی باڵادا (بە مەتر). بی ئێم ئای كەمتر لە 18.5كگم \م2 واتە بڕێكی كەمی چەوری لە لەشدا كەمتر لە رێژەی ئاسایی، ئەگەر تۆ وەرزشكار بیت هیچ گرفتێكت نییە، بەڵام ئەگەر وەرزشكار نەبیت، ئەوا كێشەكەت كەمە كە لەوانەیە بەرگری لەشت دابەزێت، بۆیە پێویستە كە خواردنت باشتر بكەیت و وەرزش ئەنجام بدەیت تاكو بارستایی ماسوولكەكانت زیاتر بكەیت. بی ئێم ئای لە نێوان 20-25كگم \م2 دا واتە كێشێكی تەواو و تەندروستییەكی باش. بۆ پیاوان 23كگم \م2 و بۆ ئافرەتانیش 22كگم \م2 بە باشترین بی ئێم ئای دادەنرێت. بی ئێم ئای نێوان 25-29.9كگم \م2 واتە كێشی زیاد كە پێویست بە دابەزاندن دەكات چونكە ئەگەری قەڵەوی لە ئارادایە. بی ئێم ئای پتر لە 30كگم \م2 واتە قەڵەوی و ئامادەباشی بۆ تووشبوون بە نەخۆشیی دڵ، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، نەخۆشیی شەكرە، بەردی زراو، شێرپەنجە. بی ئێم ئای پتر لە 40كگم \م2 واتە قەڵەوی پلە 3 یان لەرادەبەدەر كە پێویستی بە چارەسەرێكی خێرا هەیە چونكە مەترسی یەكجار زۆری بۆ تەندروستی هەیە. ئەوە ماوە بڵێین كە ئەم پێوانەیە تەنیا بۆ پێگەیشتووان دەبێت، بۆ منداڵان رێگای دیكە بۆ پێوانەكردنی رێژەی چەوریی لەش بەكاردێن.