بەم دواییە خۆراكی خێرا Fast Food لە هەموو جیهاندا بە ناوچەی ئێمەشەوە بە شێوەیەكی بەرچاو زیادی كردووە، چونكە هەرزانە و خێرا ئامادە دەكرێت، بەڵام لە رووی بەهای خۆراكییەوە لاوازە و هەرگیز نابێتە ژەمێكی تەندروستییانە. خۆراكی خێرا رێژەیەكی بەرزی چەوری و خوێ و شەكر لەخۆدەگرێت، ئەم خۆراكانە ئەگەری قەڵەوی و تووشبووون بە نەخۆشی شەكرە و نەخۆشییە درێژخایەنەكان زیاد دەكەن. لەوانەیە كە یەك ژەمی خۆراكی خێرا بایی پتر لە پێویستی رۆژانە لە چەوری، كۆلیستیرۆل، خوێ و شەكر دابین بكات. جۆری چەوری ناو خۆراكی خێرا بە گشتی چەورییە تێرەكان یان چەورییە نێوەندییەكانن كە هەردووكیان بە چەوری خراپ دەژمێردرێن چونكە لە لەشدا ئاستی كۆلیستیرۆلی خراپ LDL بەرز دەكەنەوە و ئاستی كۆلیستیرۆلی باش HDL دادەبەزێنن. زیاد خواردنی خۆراكی خێرا هۆكارێكە بۆ تووشبوون بە نەخۆشیی دڵ و نەخۆشیی شەكرە. لە لێكۆڵینەوەیەكی كۆمەڵەی نەخۆشییەكانی دڵ لە ئەمەریكادا هاتووە كە ئەوانەی تەنانەت هەفتانە یەك جاریش خۆراكی خێرا دەخۆن ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشیی دڵ بە رێژەی 20% زیاد دەكات، هەروەها خواردنی سێ ژەمی خۆراكی خێرا هەفتانە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی دڵ تا رێژەی 50% زیاد دەكات، خواردنی خۆراكی خێرا لەمە زیاتر ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی دڵ تا رێژەی 80% زیاد دەكات. هەروەها لە لێكۆڵینەوەكاندا هاتووە كە خواردنی پتر لە دوو ژەمی خۆراكی خێرا لە هەفتەیەكدا ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی شەكرەی جۆری دووەم Type 2 diabetes بە رێژەی 27% زیاد دەكات. تا دەتوانیت خۆراكی خێرا مەكە جێگرەوەی ژەمێكی خۆراكی ماڵەوە.