زیاد گەرمكردن یان قرچاندنەوەی زەیتی رووەكی نابێتە هۆی گۆڕینی بۆ زەیتێكی هایدرۆجینكراو كە بە چەوریی نێوەندی Trans fats ناوزەد دەكرێت و بە چەورییە خراپەكانیش هەژمار دەكرێت. كرداری هایدرۆجینكردن Hydrogenation بریتییە لە مامەڵەكردن لەگەڵ زەیتی رووەكی بە بڵقی گازی هایدرۆجین بۆ ئەوەی بەرگەی زیاتری پلە گەرمییە بەرزەكان بگرێت، بەتایبەتی لەكاتی قرچاندنەوە یان داغكردنی زەیتدا. ئەمە راستییەكی زانستییە كە چەورییە نێوەندەكان ئەگەری تووشبوون بە رەقبوونی خوێنبەرەكان زیاد دەكەن، بەڵام ئەمەش سەلمێنراوە كە زیاد گەرمكردنی زەیتی رووەكی ئەگەری زوو ئۆكسانی Oxidation زیاتر دەكات، ئۆكسانی چەورییەكان واتە تێكدانی پێكهاتەی كیمیایی بە جۆرێك كە رەنگ و بۆن و چێژی تێكدەچێت و چەندین ماددەی خۆراكی گرنگ تێكدەشكێن بەتایبەتی ڤیتامین E. هەروەها لەگەڵ زیاد گەرمكردنی زەیتی رووەكیدا بەشێك لە چەورییە ناتێرەكان بەیەكەوە دەنووسێن، دەرەنجام رێژەی چەورییە باشەكان لەناو زەیتەكەدا كەم دەبێتەوە و رێژەی چەورییە تێرەكان یان چەورییە خراپەكان زیاد دەكات. باش نییە كە زەیتێكی گەرمكراو دووبارە بەكاربێتەوە، هەوڵ بدە كە هەموو جارێك زەیتێكی نوێ بەكاربێنیت. ئەو جۆرانەی زەیتی رووەكی كە چەورییە ناتێرەكان Monounsaturates لەخۆدەگرن وەكو زەیتی زەیتوون كەمتر لەكاتی گەرمكردنیان بە پلەی گەرمی بەرز دوچاری گۆڕان و تێكچوون دەبن، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا بڕێك لە ماددە دژەئۆكسانەكانی بە ناوی پۆلیفینۆلەكان Polyphenols تێكدەشكێن كە زۆر هەستیارن بەرامبەر گەرمی. كەواتە خراپپەكەی زیاد گەرمكردنی زەیتی رووەكی بریتییە لە تێكشكان و كەمبوونەوەی بەها خۆراكییەكەی.