ئاگاداربە زۆر گرنگە زەڵاتە لە ژەمەكانی خۆراكدا هەبێت

ئاگاداربە زۆر گرنگە زەڵاتە لە ژەمەكانی خۆراكدا هەبێت
گرنگیی زەڵاتە Salads لەوەدایە كە رێژەیەكی بەرزی ئاو و ریشاڵ لەخۆدەگرێت كە كۆئەندامی هەرس لە قەبزی دەپارێزن، سەرچاوەن بۆ ڤیتامین و كانزا و ماددە دژەئۆكسانەكان كە بایەخی تەندروستیی زۆریان هەیە، زیاد خواردنی زەڵاتەكان بەشێكە لە ریجیمی خۆراكی بۆ كۆنترۆلكردنی كێشی لەش. زەڵاتە بەگشتی بەشێكی گرنگە لە ژەمەكانی خۆراكدا، لە هەمان كاتدا دەكرێ كە زەڵاتە بكرێتە ژەمێكی خۆراك كە تەندروستییانە و كەم كالۆری بێت. زەڵاتەیەك كە بڕێكی باش و جۆراوجۆر لە میوە و سەوزە لەخۆبگرێت، ئەوا رێژەیەكی بەرزتر لە ڤیتامین و ماددە دژەئۆكسانەكان دابین دەكات. هەوڵ بدە كە لەگەڵ هەر ژەمێكدا زەڵاتەكان جیاواز بن، بۆنموونە جگە لە زەڵاتەی ئاسایی میوە و كاكڵەكانی وەكو گوێز و باوی یان كازو لەگەڵ پاقلەمەنییەكانی وەكو نۆك و بەزالیا لەگەڵ گۆشتی بێ چەوری لەگەڵدا تێكەڵ بكەیت بۆ دابینكردنی زۆربەی ماددە خۆراكییە پێویستەكان. گەڵا سەوزەكان كالۆری كەم و ریشاڵی زۆر لەخۆدەگرن،هەروەها خەیار، تەماتە، كەلەرم، خاس، سپێناغ. فەریكە نۆك، گێزەر، توور، برۆكۆلی، قەرنابیت..تاد. زەڵاتە دەوڵەمەند بكە بە میوەكانی وەكو ئەڤۆكادۆ، كشمیش، سێو، لیمۆ، هەروەها بە پەنیر، هێلكەی كوڵاو، ماسیی تونا، سینگی مریشك بە مەرجێك لەناو زەیتدا سوورنەكرابێتەوە. بۆ زیادكردنی چێژ یەك كەوچك زەیتی زەیتوون لەگەڵ یەك كەوچك یان پتر لە سركەی ترێ یان خورما یان هەر جۆرێكی دیكەی سركە Vinegar بەكاربێنە.
Top