شەكر و خوێ و هیرۆیین بە ژەهرە سپییەكان White Poisons ناوزەد دەكرێن. شەكر بە دوژمنی دڵ ناسراوە، زیاد بەكارهێنانی شەكر لە خۆراكدا، ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی شەكرە و زیادبوونی كۆلیستیرۆلی خوێن و قەڵەوی و كلۆربوونی ددان زیاد دەكات، ئەم نەخۆشییانەش بە توندی ژیان دەخەنە مەترسییەوە. پێوەندیی نێوان خوێ و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن مەسەلەیەكی چەسپاوە لە نێوەندە پزیشكییەكاندا، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێنیش بە بكوژی بێدەنگ Silent killer ناسراوە، چونكە زۆر جار تووشبوو دوچاری مردن دەكاتەوە. هیرۆیین Heroine و كۆكائین Cocaine كە دوو ماددەی هۆشبەرن و بە راستی ژەهری سپین، چونكە بە خێرایی بەكارهێنەران تووشی راهاتن دەكەن، ئەوكاتە تووشبوو بە سەختی تەسلیمی ئەم ماددانە دەبێت و هەرگیز ناتوانێت وازیان لێ بهێنێت، لە ئەنجامدا تەندروستی و پیشە و خێزان و خۆیشی لەدەست دەدات.