منداڵەكەت لەسەر خواردنی سەوزە و میوە رابێنە

منداڵەكەت لەسەر خواردنی سەوزە و میوە رابێنە
زۆربەی دایك و باوكان نیگەرانن لەوەی كە چۆن هانی منداڵەكانیان بدەن بۆ خواردنی بڕی پێویستی سەوزە و میوە بە مەبەستی دابینكردنی ماددە خۆراكییە گرنگەكان و گەشەیەكی دروست. منداڵ وەكو گەورە پێویستە كە رۆژانە 5 جار سەوزە و میوە بخوات، هەر جارەی یەك (پۆرشن Portion) یان (حصە) كە بڕەكەی بۆ نموونە دەكاتە: دانەیەكی بچووكی میوە یان تەماتەیەك یان خەیارێك، نیو كوپ شیرەی میوەی سروشتی، چارەگە كوپێك میوەی وشككراو وەكو كشمش یان مێوژ، نیو كوپ میوەی پارچەكراو، كوپێك گەڵای سەوزە وەكو سپێناغ یان خاس. زۆربەی منداڵان حەز لە خواردنی میوە دەكەن بەڵام حەز لە خواردنی سەوزەكان ناكەن بەو بڕە پێویستانەی رۆژانە، لێرەدا رۆڵی دایك و باوك بەرجەستە دەبێت، بۆ نموونە رازاندنەوەی خۆراك و تێكەڵكردنی هەندێك جۆری خۆراك بە میوەی رەنگاوڕەنگ. زوو فێركردنی منداڵ بۆ خواردنی سەوزە و میوە گرنگە بۆ راهاتنیان لەسەر بەردەوامبوون، لێرەدا جۆراوجۆر كردنی سەوزە و میوە گرنگی زۆری هەیە لەوكاتەی كە هەر جۆرێك توخمی خۆراكی گرنگ و تایبەت لەخۆدەگرێت لە ڤیتامین و كانزا و ماددە دژەئۆكسانەكان. هەوڵ بدە كە سەوزە و میوەی تازە و پاك بۆ منداڵەكەت هەڵبژێریت، بەردەوام سەوزە و میوە لەسەر سفرە دابنێ، با بەردەوام سەوزە میوە لە سەلاجەكەتدا هەبێت، دەرفەت بە منداڵەكەت بدە تاكو لە هەڵبژاردنی هەندێك جۆری سەوزە و میوەدا ئازاد بێت.
Top