ئایا ئەناناسی قوتووبەند بەهای خۆراكی لەدەست نەداوە؟

ئایا ئەناناسی قوتووبەند بەهای خۆراكی لەدەست نەداوە؟
بەهای خۆراكی ئەناناس Pineapple لەوەدایە كە چەندین ئەنزیم لەخۆدەگرێت كە یارمەتی هەرسكردنی خۆراكە پرۆتینییەكان دەدەن، هەروەها بڕێكی باشی لە ڤیتامین C تێدایە كە دژەئۆكسانێكی بەهێزە و لە ئاودا دەتوێتەوە،واتە دەگاتە هەموو شوێنە تەڕ و ئاوییەكانی لەش و خانەكان لە هەوكردن دەپارێزێت بە بەكتریا و ڤایرۆس و بەرگریی لەش بەهێز دەكات. جگە لەمانە، ڤیتامین C لەش لە زیانەكانی كۆڵكە سەربەستەكان Free radicals دەپارێزێت وەكو: تووشبوون بە نەخۆشی رەقبوونی خوێنبەرەكان و نەخۆشیی دڵ لە نەخۆشانی شەكرەدا، هەناسەتەنگی و رەبو، شێرپەنجەی قۆڵۆن، داڕوشانی جومگە، هەوكردنی رۆماتیزمی جومگەكان. ئەناناس، كانزای مەنگەنیز و ڤیتامین B1 ی تێدایە كە زۆر گرنگن بۆ كۆمەڵێك ئەنزیم كە لە بەرهەمهێنانی وزەدا بەشدارن بۆ چالاككردنی كارلێكە زیندە كیمییاییەكاندا. ئەناناس، لە گێزەر گرنگترە بۆ تەندروستیی چاو، بە تایبەتی پاراستنی چاو لە گۆڕانەكانی پەیوەست بە تەمەن كە هەندێك جار دەبنە ئەگەری لەدەستدانی بینین. لەوانەیە زۆر كەس بپرسێت كە ئایا ئەو گەرمییە زۆرەی لە كرداری قوتووبەنكردندا بەكاردێت دەبێتە هۆی تێكشكانی ئەنزیمەكانی ئەناناس؟ لە راستیدا لەگەڵ قوتووبەندكردندا ئەنزیمی برۆمیلێن Bromelain تێكدەشكێت و رێژەی هەندێك لە ماددە خۆراكییە گرنگەكانی ئەناناس كەم دەبێتەوە. ئەوە گومانی تێدا نییە كە خۆراكی تازە لە خۆراكی قوتووبەند باشترە بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا ئەناناسی قوتووبەند هێشتا گەلێك ماددەی گرنگ لەخۆدەگرێت بەتایبەتی ئەو جۆرەی كە شەكری تێنەكرابێت.
Top