ڤایرۆسی ڤاریسێللا زوستەر، هۆكاری تووشبوونە بە مێكوتە

ڤایرۆسی ڤاریسێللا زوستەر، هۆكاری تووشبوونە بە مێكوتە
مێكوتە یان خوریكەی مریشك Chicken pox نەخۆشییەكی ڤایرۆسییە، زیاتر تووشی منداڵان دەبێت، بە خێرایی دەگوازرێتەوە، بەگشتی سووكە و مەترسی بۆ تەندروستی نییە. ئەگەرچی مێكوتە بە خوریكەی مریشك ناوزەد دەكرێت، بەڵام لە راستییدا هیچ پێوەندییەكی بە مریشكەوە نییە، بەڵكو لە وشەیChick peas وەرگیراوە چونكە زیپكەكان لە دەنكی نۆك دەچن. هۆكاری مێكوتە ڤایرۆسێكە بە ناوی ڤاریسێللا زوستەر Varicella zooster كە بە رێگای هەناسە یان پڕوشكی هەناسە (هەوا) و بە رێگای بەركەوتنی راستەوخۆ دەگوازرێتەوە. گواستنەوە یەك رۆژ پێش دەركەوتنی زیپكە دەستپێدەكات و تا یەك هەفتە پاش دەركەوتنی زیپكەكان بەردەوام دەبێت. پاش چاكبوونەوە، بەرگرییەكی درێژخایەن دژی ڤایرۆسەكە لە لەشدا پەیدا دەبێت، بۆیە دووبارە تووشبوون بە مێكوتە دەگمەنە. نیشانەكانی مێكوتە بریتین لە: تایەكی سووك، هەستكردن بە ماندووبوون و بێ تاقەتی بۆ ماوەی تەنیا یەك رۆژ، لە هەرزەكاردا نیشانەكان كەمێك سەختتر دەبن بە شێوەی تایەكی بەرز، سەرئێشە، كەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن كە بۆ ماوەی 2 رۆژ یان زێتر بەردەوام دەبن. پاشان خاڵی سوور و بچووك لە پێستدا دەردەكەون كە ژمارەیان بە خێرایی زیاد دەكات و قەبارەیان گەروە دەبێت، پاشان قەتماخ دەگرن و وشك دەبن و هیچ ئاسەوارێك لەسەر پێستدا جێناهێڵن. چارەسەركردن بریتییە لە بەكارهێنانی دەرمانی دژە هەستەوەری، دەرمانی دژەژی بە رێگای دەم یان بە شێوەی مەرهەم یان كرێم، دەرمانی دژەڤایرۆس بە ناوەی ئەسایكلۆڤیر Acyclovir بۆ ماوەی 5 رۆژ لەگەڵ پەیڕەوكردنی خۆراكێكی هاوسەنگ.
Top