كاریگەریی تەمەن و گرفتەكانی خەو

كاریگەریی تەمەن و گرفتەكانی خەو
نووستنێكی تەواو زۆر گرنگە بۆ تەندروستی. لەگەڵ تەمەندا سروشتی نووستن گۆڕانی بەسەردا دێت، بەڵام لەوانەشە كە لەگەڵ بەتەمەنداچووندا هۆكاری گرفتەكانی خەو بگەڕێتەوە بۆ نەخۆشییەك یان گرفتێكی جەستەیی یانیش گرفتێكی دەروونی. ئەگەرچی پێویستی بە ژمارەی كاتژمێرەكانی نووستن لە یەكێكەوە بۆ یەكێكی دیكە دەگۆڕێت، بەڵام بەگشتی لەگەڵ بەساڵاچووندا نووستن سووك دەبێت و ماوەكەی كەم دەبێتەوە، بۆ نموونە لەپاش تەمەنی 75 ساڵیدا گەلێك كەس شەوانە چەندین جار لە خەو بێدار دەبنەوە لەگەڵ كەمبوونەوەی تێكڕای كاتژمێرەكانی نووستن. گەلێك لە بەساڵاچووان گرفتی خەویان هەیە كە هۆكارەكەی تەنیا بۆ تەمەن دەگەڕێتەوە، گرفت بە شێوەی ناڕەحەتی لە چوونە خەوەوە یان زوو بێداربوونەوە لە خەو. خەوزڕان Insomnia باوترین گرفتە كە لەگەڵ تەمەندا سەرهەڵدەدات بە شێوەی دواكەوتن لە چوونە خەو كە بە 30-45 خولەك دەخەمڵێنرێت، چەندین جار بێداربوونەوە لە خەو لە شەوێك یان لە نووستنێكدا، زوو لەخەو هەڵسان لەكاتی بەیانیاندا و پاشان تووشبوو ناتوانێت كە جارێكی دیكە بخەوێتەوە، هەستكردن بە ماندووبوون لەكاتی بێداربوونەوەدا یان لەخەو هەڵساندا. لەوانەیە خەوزڕان هاوكات لەگەڵ هەناسەڕاوكێی شەوانەدا Sleep apnea رووبدات كە بریتییە لە وەستانی هەناسە بۆ ماوەیەكی كورت كە لەوانەیە بگاتە 2 خولەك. بەگشتی گرفتەكانی خەو لە بەساڵاچوواندا بە ئاسانی لە لایەن دكتۆر چارەسەر دەكرێن.
Top