ئەو نیشانانەی كە لە زۆربەی هەرزەكارە ئەلكهولییەكاندا بەدی دەكرێت بریتین لە: درۆكردن، هێنانەوەی بڕ و بیانو، زۆر مانەوە لە ژووری خۆیان، بەكارهێنانی وشە و جوولە و رەفتاری ناشایستە لە كۆمەڵگادا، هەڵبەزین و دابەزینی مەزاج، دزیكردن، زوو زوو گۆڕینی هاوڕێ. هەر چەند تەمەنی هەرزەكار بچووكتر بێت هێندە ئەگەری راهاتن و گرفتەكانی دیكەی پەیوەست بە خواردنەوەی ئەلكهول زیاتر دەبن، ئەمانەی خوارەوە تەنیا بەشێكن لە كاریگەرییە خراپەكانی خواردنەوەی ئەلكهول لە هەرزەكاردا: كەمبوونەوەی توانای سەرنج و وریابوون، لاوازبوونی توانای بیركردنەوە، زوو لەبیرچوونەوە، دواكەوتن لە خوێندن و قوتابخانە كە زۆر جار دەبێتە هۆی وازهێنانی یەكجارەكی لە خوێندن، ئەگەری خۆكوشتن زیاتر دەكات بەتایبەتی لە نێو ئەو كچانەی كە ئالودەی خواردنەوەی ئەلكهول دەبن، خواردنەوەی ئەلكهول دەبێتە ئەگەری شاردنەوەی كێشە و نەخۆشییە دەروونییەكانی وەكو پەستی و خەمۆكی، ئەنجامدانی چالاكی سێكسی لابەلا و ناسەلامەت لەگەڵ ئەگەری تووشبوون بە ئایدز و نەخۆشی دیكە، ئەگەری برینداربوون و مردن بە كارەساتی هاتووچۆ و توندوتیژی و كارەساتی دی، هەرزەكارەكان زۆر جار لەگەڵ ئەلكهولدا دەرمان و ماددەی دیكە بەكاردێنن بە ماددەی سڕكەرەكانیشەوە، لە هەموویان مەترسیدارتر، ئەگەری ژاراویبوونە بە ئەلكهول Alcohol intoxication كە لە ئەنجامی زیاد خواردنەوەی ئەلكهول لە ماوەیەكی كەمدا هەرزەكار دوچاری دەبێت و مەترسییەكی زۆر دەخاتە سەر ژیانی پاش تووشبوون بە هێدمە و وەستانی هەناسە و وەستانی دڵ.