بەگشتی خۆراكە ئاژەڵییەكان Animal foods رێژەیەكی بەرز لە چەورییە تێرەكان لەخۆدەگرن. چەورییە تێرەكان Saturated fats بە چەورییە خراپەكان ناسراون، چونكە سەرچاوەن بۆ بەرزبوونەوەی كۆلیستیرۆل لە لەشدا. رێژەی چەوری لە خۆراكە ئاژەڵییەكاندا جیاوازی هەیە، بۆ نموونە گۆشت یان ماسوولكە رێژەی چەوری كەمترە بە بەراورد لەگەڵ جگەر و گورچیلە و مۆخی ئێسك، هەروەها گۆشتی زمان و بەز و دونگ. گۆشتی پەڵەوڕ هەتا سپیتر بێت هێندە رێژەیەكی كەمتری چەوری لەخۆدەگرێت، شیر و بەرهەمەكانی شیر چەورییە تێرەكانیان بە رێژەیەكی بەرچاو تێدایە ئەگەر لە كارگەی ئەلباندا مامەڵەیان لەگەڵدا نەكرابێت بۆ كەمكردنەوەی رێژەی چەوری. ئێستاش هەندێك كەس پێیان وایە كە خواردنی دونگ یان بەز بۆ تەندروستی خراپ نییە، لە راستیدا بەز یان دونگ بە شێوەیەكی سەرەكی لە چەورییە تێرەكان پێكهاتوون. هەر 100 گرام بەز یان دونگ نزیكەی 900 كالۆری وزە بە لەش دەبەخشێت، واتە بڕێكی زۆری وزە كە ئەگەر بە زیادی بخورێن دەبێتە ئەگەری زیادبوونی كێشی لەش و قەڵەوی لەگەڵ زیادبوونی ئاستی كۆلیستیرۆلی خراپ LDL لە خوێندا. ئەو كەسانەی كە دەبێ خۆیان بپارێزن لە چەوریی ئاژەڵی ئەوانەن كە كێشەی كۆلیستیرۆل و قەڵەویان هەیە، هەروەها تووشبووان بە رەقبوونی خوێنبەرەكان، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، نەخۆشیی شەكرە، نەخۆشی دڵ، جەڵتەی مێشك.