ئەگەرچی رێژەیەكی زۆری خەیار لە ئاو پێكهاتووە، بەڵام بڕێكی لە ڤیتامین C و ترشی كافائیك Caffeic Acidی تێدایە، ئەمانە سوودی زۆریان بۆ پێست هەیە. هەروەها خەیار رێژەیەكی باشی لە ریشاڵی خۆراكی تێدایە، لەگەڵ كانزاكانی پۆتاسیۆم و مەگنسیۆم و سیلیكۆن. كانزای سیلیكۆن Silicon زۆر پێویستە بۆ پاراستنی شانە بەستەرەكانی لەش، بەتایبەتی ماسوولكە و ژێ و ئێسك و كڕكڕاگەكان. هەروەها شیرەی خەیار كە سەرچاوەیەكی باشی سیلیكۆنە، بۆ پاككردنەوە و سافكردنی پێست سوودی لێ وەردەگیرێت. خەیار راستەوخۆ لەسەر پێستدا سوودی هەیە بۆ كەمكردنەوەی ئاوسانی بەرچاو و حاڵەتەكانی خۆربردن و هەوكردنی پێست. جگە لەمانە، خەیار لەبەر ئەوەی كە بڕێكی یەكجار كەم وزەی تێدایە، بۆیە ئاوا یان بە سەلاتە بۆتە خۆراكێكی سەرەكی لە بەرنامەی ریجیمی خۆراك بۆ رێگرتن لە زیادبوونی كێش و چارەسەركردنی قەڵەوی. خەیار دەكەوێتە لیستی ئەو خۆراكانەی كە رۆڵیان لە كۆنترۆلكردنی پەستانی بەرزیی خوێندا هەیە لەبەر بڕی باشی پۆتاسیۆم و مەگنسیۆم و ریشاڵی رووەكی كە لە خەیاردا هەن. لە راستیدا خەیار دەكرێتە ترشییات Pickled یان خەیاری شۆر هەندێك بەهای خۆراكی لەدەست دەدات، ونكردنی بەهای خۆراكی خەیار پەیوەستە بە جۆری ئەو گیراوەیەی كە بۆ شۆركردن بەكاردێت لەگەڵ چەندێتی مانەوەی لەناو گیراوەكەدا. ڤیتامین C یەكێكە لەو ماددە گرنگانەی كە پاش ماوەیەك لە شۆركردن خەیار جێدێڵێت و دەچێتە ناو گیراوەكە. لەگەڵ شۆركردندا پتر لە نیوەی ڤیتامین C ون دەبێت، هەروەهاش بە گوێرەی ترشی فۆلیك Folic acid كە جۆرێكی گرنگە لە كۆمەڵەی ڤیتامین B بە رێژەی پتر لە 80% ون دەبێت. گەلێك كانزا لە توێكڵی خەیاردان، بۆیە وا باشترە كە خەیار بە توێكڵەوە شۆربكرێت.