بۆتۆكس Botox ناوی ئەو زەهرەیە كە جۆرێكی بەكتریا بە ناوی كلۆستریدیۆم Clostridium دەریدەدات، بەكارهێنانی بڕێكی كەمی ئەم زەهرە بە شێوەی دەرزی راستەوخۆ لەژێر پێستدا دەبێتە هۆی بلۆككردنی ئەو سیگناڵانەی كە لە دەمارەكانەوە بۆ ماسوولكە دەنێردرێن، دەرەنجام ماسوولكە چیتر گرژنابێتەوە، بەمەش لۆچبوون خاو و نەرم دەبێتەوە و دیار نامێنێت. دەرزی بۆتۆكس زیاتر بۆ لۆچبوونەكانی نێوچەوان و دەوری چاوەكان و دەوری هێڵەكانی تەنیشت لووت بەكاردێت. بۆتۆكس بۆ هەموو جۆرە لۆچبوونێكی پێست نابێت، بۆ نموونە ئەو چرچییانەی كە لە ئەنجامی كاریگەری تیشكی خۆر و لە ئەنجامی كاریگەری هێزی كێشكردنی زەوییەوە پەیدا دەبن سوود لە دەرزی بۆتۆكس وەرناگرن، بۆیە هەرگیز نابێت كە بۆتۆكس بە بێ رێنمایی دكتۆر بەكاربێت. نابێت بۆتۆكس بەكاریێت بۆ ئافرەتی دووگیان و شیردەر. 3-7 رۆژ پاش لێدانی دەرزی بۆتۆكس بۆ شوێنی مەبەست ئینجا كاریگەریی تەواوی دەردەكەوێت، نابێت شوێنی دەرزییەكە تا 12 كاتژمێر بشێلدرێت. كاریگەریی دەرزی بۆتۆكس تەنیا بۆ ماوەی 4-6 مانگ بەردەوام دەبێت، پاش ئەم ماوەیە فرمانی ماسوولكە بەرە بەرە وەكو پێشان دەگەڕێتەوە و لۆچبوون دووبارە دەردەكەوێتەوە، بۆیە بۆ شاردنەوەی پێویست بە دووبارە بەكارهێنانی دەرزیی دیكە دەكات. بەگشتی بەكارهێنانی بۆتۆكس سەلامەتە، زیانە لابەلاكان لەپاش دەرزیی بۆتۆكس بریتین لە: سووربوونەوە یان شین و مۆربوونێكی كاتی لە شوێنی لێدانی دەرزییەكە. لەوانەیە دەرزیی بۆتۆكس ببێتە ئەگەری سەرئێشە كە بۆ ماوەی 1-2 رۆژ بەردەوام دەبێت پاشان لەخۆیەوە نامێنێت.