لەگەڵ گرژكردنەوەی ماسوولكەكاندا سووڕی خوێن خێراتر دەبێت و خوێنبەرەكان فراوان دەبنەوە، بەم شێوەیە پلەی گەرمی لە شوێنەكە بەرزدەبێتەوە، لەش دەست دەكات بە ئارەقەكردن بۆ هێشتنەوەی پلەی گەرمیی لەش. كەواتە سوودی ئارەقەكردن بریتییە لە پاراستنی ئاستی گەرمیی لەش لە ئاستی ئاسایی خۆیدا، چونكە بەهەڵمبوونی ئاو لەسەر رووی پێستدا گەرمیی لەش دادەبەزێنێت، بەمەش لەش چوستیی خۆی دەپارێزێت. رێژەی ئارەقەكردن لە هەموو لەشدا لەوانەیە كە بگاتە یەك لیتر یان پتر لەماوەی یەك كاتژمێردا بە تایبەتی لە كەشی گەرمدا یان لەكاتی ماندووكردنێكی زۆری ماسوولكەكاندا. جگە لەمانە هەڵچوونە دەروونیەكان وەكو تۆقین،تووڕەبوون، شەكەتی یان كفتی دەروونی دەبنە هۆی ئارەقەكردن كە بە ئارەقەكردنی سارد Cold sweating ناسراوە و زیاتر لە ناوچەی نێوچەوان و بەری دەستەكان بەدی دەكرێت. هەندێك كەس لەكاتی خواردنی خۆراكی بەلەزەت و تیژ دوچاری ئارەقەكردن دەبنەوە كە پێی دەگووترێ ئارەقەی چێژ Taste sweating. لەگەڵ هەوكردن بە بەكتریا یان ڤایرۆس پلەی گەرمیی لەش بەرز دەبێتەوە، لەش بەهەمان شێوە بۆ هێشتنەوەی پلەی گەرمی لەش هانی كرداری ئارەقەكردن دەدات. كرداری ئارەقەكردن شەو و ڕۆژ بەردەوامی هەیە، بەڵام بە ڕێژەی جیاواز، لە ئاو و هەوای مام ناوەندی نە گەرم نە سارد و لەكاتی ئەنجامدانی كارێكی سادەدا ئارەقە دەبێتە هەڵم بە هەمان خێرایی دروستبوونی، بۆیە هەستی پێناكرێت.