گەلێك كەس ئەم پرسیارە دەكەن كە بۆچی پێویستە بڕێكی باش لە سەوزە جۆراوجۆرەكان بخرێتە خۆراكی رۆژانەمانەوە؟ سوودە تەندروستییەكانی سەوزە لە چیدایە؟ سەوزە Vegetables وەكو میوە رێژەیەكی بەرز لە ڤیتامین و كانزایەكان لەخۆدەگرێت لەگەڵ بڕێكی كەمی چەوری. هەموو سەوزە رەنگ سەوز و زەرد و نارنجی سەرچاوەی زۆر باشن بۆ كالسیۆم، مەگنسیۆم، پۆتاسیۆم، ئاسن، ڤیتامین C، بیتاكارۆتین، كۆمەڵەی ڤیتامین B، ڤیتامین A، ڤیتامین K. سەوزە چاووگە بۆ ماددە دژەئۆكسانەكان Antioxidants كە بایەخی تەندروستی یەكجار زۆریان هەیە. هەروەها سەوزە هەردوو جۆرەكەی ریشاڵی تواوە و نەتواوە بە رێژەیەكی بەرز لەخۆدەگرێت وەكو پێكتین Pectin، سیلیلۆز Cellulose، میوسیلێج Mucilage ...تاد كە رێژەیەكی باشی ئاو هەڵدەمژن، ئەمەش كۆئەندامی هەرس لە قەبزی و تووشبوون بە مایەسیری دەپارێزێت. گەلێك لە سەوزە رێژەیەكی یەگجار نزمی وزە لەخۆدەگرێت، بۆ نموونە لە چەندین جۆری سەوزەدا كەمتر لە 20 كالۆری وزە هەیە لە هەر100 گرامدا وەكو كەلەرم، باینجان، سپێناغ، كەرەوز، كولەكەی هاوینی، سڵق...تاد، رۆڵی ئەم جۆرانەی سەوزە لەوەدا چڕدەبێتەوە كە سوودبەخشن بۆ كۆنترۆلكردنی كێشی لەش و خۆپاراستن لە نەخۆشی. لەشمان بڕێكی بەرچاوی وزە بۆ هەرسكردنی خۆراك سەرف دەكات كە پێی دەگووترێ تێكڕای میتابۆلیزمی بنەڕەتی BMR، جا لەكاتی بوونی بڕێكی باشی سەوزە لە خۆراكدا بە شێوەیەكی بەردەوام لەش ناچار دەكات كە رێژەی وزەی سەرفكراوی زێتر بێت لە وزەی وەرگیراو لە خۆراك، دەرەنجام كێشی لەش بەرەو دابەزین دەچێت.