شیری بێ چەوری

شیری بێ چەوری
شیر خۆراكێكی تەواوە، چونكە زۆربەی ماددە خۆراكییە گرنگەكان لەخۆدەگرێت لە پرۆتین، كاربۆهییدرات، چەوری، ڤیامینەكان، كانزایەكان. شیر جۆرێك پرۆتینی تێدایە كە هەرسكردنی زۆر ئاسانە بە بەراورد لەگەڵ جۆرەكانی دیكەی پرۆتیندا. ڤیتامینەكانی شیر بریتین لە ڤیتامین A، D، E و كۆمەڵەی ڤیتامین B كە گرنگن بۆ تەندروستییەكی باش، هەروەها ڤیتامین B12 و ترشی فۆلیك كە پێویستن بۆ دروستبوونی خڕۆكە سوورەكانی خوێن. شیر گەلێك كانزا لەخۆدەگرێت وەكو كالسیۆم، فۆسفۆر، زینك. گرنگترین كانزا كە بە رێژەیەكی بەرز لە شیردایە كانزای كالسیۆمە كە پێویستە بۆ پاراستنی پتەوی ئێسك. مرۆڤی پێگەیشتوو رۆژانە بە لای كەم پێویستی بە 1000میللیگرام كالسیۆم هەیە، شیر یان بەرهەمەكانی شیر باشترین و دەوڵەمەندترین سەرچاوەن بۆ كالسیۆم، بەڵام لەبەر ئەوەی كە شیری تەواو Whole milk رێژەیەكی بەرزی لە چەورییە تێرەكان تێدایە، هەرگیز بۆ تووشبووان بە نەخۆشی دڵ گونجاو نییە، نەخۆشیی شەكرە، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، بەزبوونەوەی ئاستی كۆلیستیرۆلی خوێن. خۆشبەختانە لە كارگەكانی شیرەمەنیدا توانراوە رێژەی چەوریی شیر تا نزیكەی 0.1% كەم بكرێتەوە، ئەگەر رێژەی چەوریی شیر لە 1% كەمتر بێت ئەوا بە شیری بێ چەوری Skimmed milk دادەنرێت. شیری بێ چەوری بۆ هەموو نەخۆشییە درێژخایەنەكان گونجاوە، هەروەها بۆ ریجیمكردنیش گونجاوە لەبەر ئەوەی كە وزەیەكی كەمتر و چەورییەكی كەمتر لەخۆدەگرێت.
Top