لەوانەیە كە زیادخواردنەوەی ئاو یارمەتیدەر بێت بۆ دابەزاندنی كێشی لەش بەتایبەتی كە بە تەواوی دەبێتە جێگرەوە بۆ ئەو شلەمەنی و ساردەمەنییانەی كە وزەیەكی بەرز لەخۆدەگرن وەكو شەربەت و نوشابە گازدارەكان و خواردنەوە وزەبەخش و ئەلكهولییەكان. توێژینەوەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە ئەو كەسانەی رۆژانە بڕێكی باشی ئاو دەخۆنەوە لەكاتی برسیبوون بەتایبەتی لە بەینی ژەمە سەرەكییەكانی خواردندا خاوەن كێشێكی كۆنترۆڵكراون یان بەلانی كەم كێشی لەشیان لە ئاستێكدا دەمێنێتەوە و زیاد ناكات. لە لایەكی دیكەوە هەندێك سەرچاوەی پزیشكی پێیان وایە كە زیاد خواردنەوەی ئاو كاریگەرییەكی ئەوتۆ ناكاتە سەر تێكڕای میتابۆلیزمی لەش بۆ زیاتر سووتاندنی وزە. زیاد خواردنەوەی ئاو راستەوخۆ پێش ژەمەكانی خۆراك قەبارەیەك لەناو گەدەدا داگیر دەكات، ئەمەش وا دەكات كە گەدە بە بڕێكی كەمتری خۆراك پڕبێت كە ئەمەش زووتر هەستی تێربوون پەیدا دەكات، دەرەنجام كۆی وزە لە هەر ژەمێكی خۆراكدا كەم دەبێتەوە و بە تێپەڕبوونی كات كێشی لەش ئەگەر بە رێژەیەكی كەمیش بێت دادەبەزێت. مەسەلەكە تەنیا بەوە كۆتایی نایێت كە بڕێكی زیادی ئاو بخۆیتەوە كە تەنانەت یەك كالۆری وزە لەخۆناگرێت بەڵكو ئەمەش گرنگە كە شیر، كرێم یان شەكر بە بڕی زیاد نەخەیتە ناو چا یان قاوە یان هەر شلەمەنییەكی دیكە كە ببێتە ئەگەری زیادبوونی كالۆری.