لە مانگی رەمەزانی ئەمساڵدا، دۆ لەناو خەڵكی بەڕۆژوودا رەواجی زۆری هەبوو، كە هەر بگرە لە دۆی خۆمانەوە، تاوەكو دۆی بیانیش بە شێوەیەكی بەرچاو رووی لە كوردستان كردبوو، بووە میوانی سەر خوانی گشت ماڵێك یان زۆربەی ماڵەكان، ئەمەش لەبەر ئەوەی خواردنەوەیەكی خۆش و بەتامە، كەچی وا دیارە كورد دۆ و ماستاوی كوردەواری خۆمانی بیر چۆتەوە، كە چ جۆرە تام و چێژێكی هەیە، دۆی كوردی، لە ناو مەشكە ئامادە دەكرێت، كە دوای ئەوەی شیر دەهێنرێت و ئیتر دەخرێتە ناو مەشكەوە، ماوەیەك دەشڵەقێنرێت، تاوەكو شێوەی وەك شیرێكی پەیت دەبێ و دەبێتە دۆ، كە تامێكی سرووشتی و خۆشی هەیە، هەروەها سەبارەت بە ماستاویش، كە ئەویش لە ماستەوە دروست دەكرێ، دوای ئەوەی ماست دەهێنرێ و لەگەڵ ئاوی ساردەوە تێكەڵ دەكرێ، كە دوای دابەش كردن و توانەوەی ماستەكە، دەبێتە ماستاوێكی خۆش، لە ناو كوردەواری خۆماندا، ماستاوی مەڕ تامی لە گشت ماستاوەكانی دیكە خۆشترە، تەنانەت ماستی مەڕ داواكاری زیاتری لەسەرە، پەندێكی خۆمان هەیە دەڵێت: ماستی مەڕە كۆرە خۆشە، وادیارە ئەوەش لەوە هاتووە كە مەڕە كۆرە(مەڕە كوێر) گشت جۆرە گیاو و گۆڵێك دەخوا بۆیە تامی ماستەكەی خۆش دەبێت.