تا ئێستا پزیشك و زانایان لەسەر ئەوە كۆك نین كە هۆكاری سەرهەڵدانی نۆرەكانی سەرئێشە لە شەقەسەردا بە تەواوی بۆچی دەگەڕێتەوە، بەڵام بڕوایان وایە كە سەرئێشە تیژ و دژوارەكەی شەقەسەر لەبەر زیادبوونی لێشاوی خوێنە لە لوولە خوێنییەكانی دەوری مێشك كە پەستان دەخەنە سەر هەندێك كۆتاییە دەماری زۆر هەستیار لە ناوچەی سەردا. گەلێك لە تووشبووان بە شەقەسەر باس لەوە دەكەن كە هەندێك جۆری خۆراك پەیوەندیی هەیە بە زیادی و كەمیی نۆرەكانی سەرئێشە. بەهەرحاڵ، كەمكردنەوە یان دووركەوتنەوە لە خواردنی هەندێكیان، یارمەتی كەمكردنەوەی نۆرەكانی سەرئێشە دەدات. باشترە كە تووشبووان بە شەقەسەر دووركەونەوە لە خواردنی: شوكولاتە و چوكلێت،پەنیری قوتووبەند یان پەنیری لەمێژینە Aged Cheese، سۆسەجی هەوێنبوو Fermented Sausage، شەرابی سوور، خوێی زیاد، چەوریی زیاد بەتایبەتی چەورییە تێرەكان. وا باشترە تووشبووان بە شەقەسەر ژەمەكان لە كاتی خۆیاندا بخۆن، زیاتر ماسیی سالمۆن و ساردین و ماكارێل بخۆن كە چەوریی(ئۆمیگا 3)یان تێدایە و گەلێك سوودبەخشە بۆ تووشبووان بۆ كەمكردنەوەی نۆرەكانی سەرئێشە لە تووشبووان بە شەقەسەر.