لەوانەیە كە سترێسی كار Work stress و پیشە Job stress بارگرانی بۆ سەر تەندروستی پەیدابكات، چونكە زۆربەی خەڵك زۆربەی كاتیان لەشوێنی كاریاندا بەسەر دەبەن. پەیڕەوكرنی تەكنیكە دروستەكانی بەرەنگاربوونەوەی سترێسی كار یان پیشە زۆر گرنگ و هەستییارە بۆ پاراستنی تەندروستی هەر كەسێك. بۆ سووككردنی شەكەتی كار پەیڕەوی ئەم هەنگاوانە بكە: هەوڵ بدە كە پێشبینی و ئامانجی واقیعیانە بۆ كارەكەت دابنێیت، لەو چەند كاتەی كە ڕەخساوە بۆ كارەكەت هەموو شتە گرنگەكان بەپێی توانا بە تەواوی ئەنجام بدە، پلان دابنێ بەپێی توانا و كارامەیی خۆت كارەكان جێبەجێ بكەیت، ئەمە ئامادەباشیت پتر دەكات بۆ هەر شەكەتییەكی لەناكاوی پەیوەست بە كار، پەیوەندی لەگەڵ هاوپیشەكانت پەیدابكە لە سەر بنەمای باشتر بەڕێوەچوونی كارەكان نەك لەسەر بنەمایەكی دیكە، پشوو لەكاتی پێویست زۆر گرنگە، كارێكی زۆر گرانە كە تۆ هەر خولەكێك بەبێ پچڕان كار بكەیت لەو چەند كاتژمێرەی كاری ڕۆژانەتدا، ناوە ناوە پشووی كورت گەلێك پێویستە بە مەبەستی نوێبوونەوەی وزە بۆ بەردەوامبوون لەسەر كاردا، ڕاگرتنی باڵانسی نێوان كار و ژیان. ناكرێت هەموو كاتێكت بۆ كاركردن تەرخان بكەیت چونكە هیچ كات و وزەیەكت نامێنێت بۆ ئەوەی لەگەڵ خێزان و برادەرانت بەسەری بەریت، ئەگینا بەتێپەڕبوونی كات كاریگەریی قورس و نێگەتیف دەكاتە سەر پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانت و دەرئەنجام هەستكردن بە جیابوونەوە و تەنیایی، گرنگیدان بە خۆراك و نووستن و چالاكیی جەستەیی، خۆراكت هاوسەنگ و جۆراوجۆر بكە، كات بۆ نووستنێكی تەواو تەرخان بكە، ڕۆژانە مەشقی جەستەیی یان وەرزش بەپێی ڕێنمایی دكتۆرەكەت ئەنجام بدە. لەكاتی هەستكردنت بە شەكەتیی كار، هەرگیز پەنا نەبەیتە بەر زیادخواردن یان زیادخواردنەوی چا و قاوە یان ئەلكهول یان جگەرەكێشان یان بەكارهێنانی دەرمان.