گلاندی پرۆستات Prostate بە قەد دانە گوێزێكی بچووكە، كێشەكەی تەنها 20 گرامە، كەوتۆتە پێشەوە و بنەوەی میزڵدانەوە، دەوری ملی میزڵدان و بۆڕی میز دەگرێ، بەشێكی ماسوولكەیی و بەشێكی گلاندە، چەندین جۆگەی هەیە دەچنە ناو ئەو بەشەی بۆڕی میز كە كەوتۆتە ناو پرۆستاتەوە. پرۆستات لە 3 بەش پێكهاتووە، یەكێك لە ناوەڕاست و دووانیش لە لای راست و چەپدا، گلاندی پرۆستات شلەیەكی ئەلكالی یان تفت دەردەدات كە 80%ی شلەی تۆواو پێكدێنێ و سپێرمەكان هەڵدەگرێ، پرۆستات ریشاڵەی ماسوولكەیشی تێدایە كە گرژو خاودەبنەوە. فرمانە سەرەكییەكانی پرۆستات بریتین لە دروستكردنی شلەی تۆواو، پەمپكردن یان پاڵنانی تۆواو بە هێزێكی تایبەت بە مەبەستی پیتاندنی هێلكۆكەی ئافرەت. ئاوسانی پرۆستات BPH بریتییە لە ئاوسانێكی پاك یان ناشێرپەنجەیی كە لەگەڵ كرداری نۆرمالی بەتەمەنداچووندا روودەدات. نزیكەی نیوەی پیاوان لە تەمەنی 60 ساڵیدا و %90 لە تەمەنی 85 ساڵیدا دوچاری ئاوسانی پرۆستات دەبن كە نیشانەكانی بریتین لە: تەنگاوی زۆر بۆ میزكردن Urgency، لەخەو هەڵسان بۆ میزكردن Nocturia كە لەوانەیە تووشبوو شەوانە چەندین جار لە خەو بیداربێتەوە بۆ میزكردن، لاوازبوونی لێشاوی میز، پێویستی بە فشاردان بۆ میزكردن. هەموو تووشبووان بە ئاوسانی پرۆستات پشكنینی دیكە ئەنجام بدەن وەكو پشكنینی ئەنزیمی PSA و سۆنار و بۆ دڵنیابوون لەوەی كە ئاوسانەكە پاكە و شێرپەنجەیی نییە.