هەوكردنی دەمارەكانی دەوروبەر

هەوكردنی دەمارەكانی دەوروبەر
هەوكردنی دەمارەكانی دەوروبەر Peripheral neuropathy واتە هەوكردنی دەمارە دوورەكان كە كەوتوونەتە دەرەوەی مێشك و پەتكە دەمار. هەوكردن لەوانەیە هەموو هەموو جۆرە دەمارەكان بگرێتەوە وەكو دەمارەكانی هەست Sensory، دەمارەكانی پەیوەست بە جوولەی ماسوولكەكانMotor، دەمارە ئۆتۆنۆمیكەكان Autonomic nerves. نیشانەكانی هەوكردنی دەمارەكانی دەوروبەر بریتین لە: هەستكردن بە سڕبوون یان تەزین لە پەنجەكانی دەست و پێ، ئازار، بێهێزی، تێكچوونی هاوسەنگی. لەكاتی هەوكردنی دەمارە ئۆتۆنۆمیكەكان نیشانەی دیكە پەیدا دەبن وەكو قەبزی یان سكچوون، لەدەستدانی كۆنترۆلی میزكردن، زیادبوون یان كەمبوونەوەی لێدانەكانی دڵ، ئارەقەكردن. هۆكارەكانی هەوكردنی دەمارەكانی دەوروبەر بریتین لە: نەخۆشی شەكرە كە بە تەواوی كۆنترۆل نەكرێت، نەخۆشی شینگلز Shingles كە بە هۆی ڤایرۆس پەیدادەبێت، كەمی ڤیتامین بەتایبەتی ڤیتامین B12 و فۆلێت یان ڤیتامین B9، خواردنەوەی ئەلكهول، نەخۆشی ئایدز، نەخۆشی فەرەنگی یان سیفلس Syphilis، پەككەوتنی گورچیلەكان، ژەهراویبوون بە كانزا قورسەكانی وەكو قوڕقوشم یان جیوە یان ئارسینیك Arsenic، هەروەها ماددە بكوژەكانی مێروو بەتایبەتی ئەوانەی كە ئاوێتەكانی ئۆرگانۆفۆسفەیت Organophosphetes لەخۆدەگرن، زیانی لابەلای چارەسەری كیمیایی دژی شێرپەنجە، هەوكردنی رۆماتۆیدی جومگەكان، نەخۆشیی گیلیان بێرێ Guillian-Barre.
Top