هەوكردنی میزەڕۆ

هەوكردنی میزەڕۆ
هەوكردنی میزەڕۆ UTI واتە هەوكردن لە بەشێك یان پتر لە كۆئەندامی میزەڕۆدا، بۆ نموونە بۆڕی میز، میزڵدان، حالبەكان Ureters، یان گورچیلەكان. هۆكاری نزیكەی 80% ی حاڵەتەكانی هەوكردنی میزەڕۆ بۆ بەكتریای ئی كۆلای E.coli دەگەڕێتەوە كە باوترین جۆری ئەو میكرۆبانەیە كە هەوكردنی میزەڕۆ پەیدا دەكەن. ئافرەت لە پیاو زیاتر تووشی هەوكردنی میزەڕۆ دەبێت، هۆكاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ توێكاری كۆئەندامی میزەڕۆی ئافرەت بەتایبەتی كورتیی بۆڕی میز. نیشانەكان بە پێی رەگەز و تەمەن و ئەو بەشەی كۆئەندامی میزەڕۆ كە دوچاری هەوكردن دەبێت، جیاوازیان هەیە.نیشانەكانی هەوكردنی رێڕەوەكانی میز بریتین لە: هەستكردن بە ئازار یان سووتانەوە لە بۆڕی میزدا بەتایبەتی لەكاتی میزكردندا Dysuria، زوو زوو میزكردن Frequency، ئازار لە تەنیشتەكانی كەمەر، لەوانەشە كە پلەی گەرمیی لەش بەرزبێتەوە بەتایبەتی لەگەڵ هەوكردنی تیژیی گورچیلەكان. هەوكردنی میزەڕۆ ئەگەر زوو چارەسەربكرێت ئەوا لە زۆربەی حاڵەتەكاندا ئەنجامی باشی دەبێت، بەڵام ئەگەر بە باشی چارەسەر نەكرێت لەوانەیە چەندین ئاڵۆزی پەیدا بكات وەكو: بڵاوبوونەوەی هەوكردن، كەمبوونەوەی رێژە شلە لە لەشدا Dehydration، پەككەوتنی گورچیلەكان.
Top