هەموو لایەنەكانی گۆشتی سوور

هەموو لایەنەكانی گۆشتی سوور
گۆشت Meat سەرچاوەیەكی باشە بۆ پرۆتین و چەندین ڤیتامین و كانزا بەتایبەتی ئاسن و ڤیتامین B12. بەگشتی گۆشتی سوور دەوڵەمەندە بە چەورییە تێرەكان كە دەبنە هۆی بەرزبوونەوەی كۆلیستیرۆلی خوێن و تووشبوون بە نەخۆشیی خوێنبەرەكانی دڵ. ئەگەر گۆشتی سوور بە تازەیی یان بە قوتووبەندی بە رێژەیەكی زۆر دەخۆیت، واباشترە كە هەرچی زووترە كەمی بكەیتەوە، هەر هیچ نەبێت لەبەر ئەوەی كە پەیوەندی لە نێوان زیاد خواردنی گۆشتی سوور و تووشبوون بە شێرپەنجەی ریخۆڵە هەیە. جۆری گۆشت و شێوەی ئامادەكردنی رۆڵیان هەیە لە تێكڕای رێژەی چەورییە تێرەكانی ناو گۆشتەكەدا. هەوڵ بدە كە گۆشتی بێ چەوری هەڵبژێریت، لەكاتی كڕینی گۆشتی قوتووبەند بە وردی زانیارییەكانی سەر قوتووەكە بخوێنەرەوە بۆ زانینی رێژە و جۆری چەورییەكان. هەوڵ بدە كە زیاتر گۆشتی پەلەوەر بەبێ پێست لەجیاتی گۆشتی سوور بخۆیت. سۆوسەج Sausages، باكۆن Bacon، هام Ham، سەلامی Salami و هامبەرگەر و خۆراكی خێرا كە گۆشتی سوور لەخۆدەگرن كەم بخۆ. گۆشت زیاتر بە برژاوی بخۆ و با چەورییەكەی بتكێ، هەرگیز گۆشت لە زەیتدا سوورمەكەرەوە، بڕی كەمیی گۆشت لەناو قاپ دابنێ. بۆ ئەو كەسانەی كە هیچ پارێزێكیان لە گۆشتی سوور نییە، واباشترە كە رۆژانە لە 70 گرام زێتر گۆشتی سوور نەخۆن.
Top