گلاندە كوێرەكان Endocrine system سستمێك پێكدەهێنن كە پێكهاتووە لە ئەندام و شانەكان كە هۆرمۆن بەرهەم دێنن. هۆرمۆنەكان Hormones ماددەی كیمیایی سروشتین كە لەم گلاندانەوە دەڕژێنە ناو خوێن و كاریگەریی گەورەیان لەسەر هەموو بەشەكانی لەشدا هەیە. لەگەڵ بەتەمەنداچووندا بە شێوەیەكی سروشتی چەند گۆڕانێك لە چۆنییەتی كۆنترۆلكردنی كۆئەندامەكانی لەشدا روودەدەن، هەستیاریی یان كاردانەوەی هەندێك ئەندام بۆ هۆرمۆنەكان كەمتر دەبێتەوە، هەروەها رێژەی بەرهەمهێنانی هۆرمۆنەكانیش لە گلاندە كوێرەكاندا گۆڕانی بەسەردادێت. ئاستی هەندێك هۆرمۆن لە خوێندا بەرزدەبێتەوە و ئاستی هەندێكیان دادەبەزێت، ئاستی هەندێكی دیكەش وەكو خۆی دەمێنێتەوە. ئەو هۆرمۆنانەی كە لەگەڵ بەساڵاچووندا رێژەیان لە لەشدا دادەبەزێت بریتین لە: هۆرمۆنی گەشە، ئــەلــدۆســـتیرۆن Aldosterone كە رۆڵی لە كۆنترۆلكردنی پەستانی خوێندا هەیە، لە ئافرەتدا ئاستی هۆرمۆنی ئیستیرۆجین Estrogen و پرۆلاكتین Prolactin هۆرمۆنی شیر دادەبەزێت، لە پیاویشدا ئاستی هۆرمۆنی تێستۆستیرۆن بە رادەیەكی كەم دادەبەزێت. ئەو هۆرمۆنانەی كە رێژەیان بە نەگۆڕی دەمێنێتەوە بریتین لە: هۆرمۆنەكانی گلاندی دەرەقی (T4 و T3)، ئینسولین، ئەدرینالین، كۆرتیزۆل.