ژەمی رۆژوو شكاندن ژەمێكی گەورە و جۆراوجۆرە، واتە ژەمێكی قورسە، بە شێوەیەكی ئاسایی لەپاش خواردنی ژەمێك بەتایبەتی ئەگەر قورس بێت، خوێن لێشاو دەبات بۆ دەوروبەری كۆئەندامی هەرس بە مەبەستی هەڵمژینی ماددە خۆراكییەكان، دەرەنجام بڕێكی كەمتری خوێن بۆ بەشەكانی دیكەی لەش دەچێت. مێشك لە هەموو ئەندامەكانی دیكەی لەش پتر پێویستی بە ئۆكسجین و شەكری گلوكۆزە، بۆیە كەمبوونەوەی لێشاوی خوێن بۆ شانەكانی مێشك ئەگەر بۆ ساتێكی كەمیش بێت هەر كاریگەریی دەبێت بە شێوەی بۆرژان یان سەرسووڕان بەتایبەتی لەكاتی ئەنجامدانی جوولە یان مەشقی وەرزشیدا Exercise. ئەنجامدانی كاری قورس یان مەشقی وەرزشی راستەوخۆ لەپاش ژەمێكی سەرەكیی خۆراك، لەوانەیە ببێتە ئەگەری سەرسووڕان، هێڵنج، رشانەوە، سك ئێشە، هەستكردن بە هیلاكی و بێهێزی گشتی، زوو ماندووبوون. هەر جوولە یان مەشقێكی وەرزشی پێویستی بە وزە هەیە، راستەوخۆ پاش ژەمێكی خواردن هێشتا كۆئەندامی هەرس كارەكانی ئەنجام نەداوە بەتایبەتی هەڵمژینی ماددە خۆراكییەكان كە وزە و ڤیتامین و كانزا و ماددە گرنگەكانی دیكە لەخۆدەگرێت، بەڵام پاش نزیكەی 2 كاتژمێر پتر لە نیوەی كرداری هەرسكردن و هەڵمژینی خۆراك تەواو دەبێت و وزەی باش لەبەر دەستدا دەبێت بۆ ئەنجامدانی مەشقێكی باشی وەرزشی.