بەهای خۆراكی شۆربای نیسك

بەهای خۆراكی شۆربای نیسك
شۆربای نیسك Soup Lentils سەرەڕای ئەوەی كە خۆراكێكی سووكە و خێرا ئامادە دەكرێت و هەرسكرنی ئاسانە، سوودی تەندروستیی زۆر لەخۆدەگرێت بۆیە بە سوپەرخۆراك Superfood ناسراوە. دەتوانرێ شۆربای نیسك لەگەڵ زۆر جۆری خۆراكدا تێكەڵ بكرێت و چێژیان خۆشتر بكات. لە رووی بەهای خۆراكییەوە شۆربای نیسكی زەرد یان شۆربای نیسكی سەوز هیچ جیاوازییەكیان نییە. شۆربای نیسك سەرچاوەیەكی باشە بۆ ریشاڵ Fiber كە ئاستی كۆلیستیرۆل دادەبەزێنێت و قۆڵۆن لە گرژبوون دەپارێزێت. جگە لەمانە، شۆربای نیسك ئاستی شەكری خوێن رێكدەخات. شۆربای نیسك چەندین كانزای گرنگی تێدایە لەگەڵ دوو جۆری ڤیتامین B و رێژەیەكی باشی پرۆتین و هیچ چەوریشی تێدا نییە ئەگەر چەوری تێنەكرێت. شۆربای نیسك رۆڵێكی بەرچاوی هەیە لە خۆپاراستن لە نەخۆشی دڵ، بەوەی كە شۆربای نیسك كانزای مەگنسیۆم و فۆلێتی تێدایە كە ئەم رۆڵە گرنگەیان هەیە. شۆربای نیسك، جگە لە سوودەكانی بۆ كۆئەندامی هەرس و دڵ، وزەیەكی بەرە بەرە دەدات بەوەی كە كاربۆهیدراتی ئاڵۆزی تێدایە و شەكری خوێن رێكدەخات هەتا لە تووشبووان بە نەخۆشی شەكرەشدا. خواردنی شۆربای نیسك بڕێكی باش لە كانزای ئاسن بۆ لەش دابین دەكات بۆیە گونجاوە بۆ چارەسەركردن و خۆپاراستن لە كەمخوێنی. ئەمەش هەرگیز لە بیر مەكە كە ئافرەتی دووگیان، ئافرەتی شیردەر، منداڵ و هەرزەكاران رۆژانە زیاتر لە خەڵكانی دی پێویستییان بە كانزای ئاسن هەیە. ئاسن لە سەرچاوەی رووەكی وەكو نیسك جیاوازی نییە لەو ئاسنەی كە لە خۆراكی ئاژەڵییەوە وەردەگیرێت.
Top