گۆڕینی جومگەی ئەژنۆ

گۆڕینی جومگەی ئەژنۆ
بەستنی جومگەی دەستكرد لە ئەژنۆدا Knee joint replacement بریتییە لە دانانی قەپاغ لەسەر كۆتایی ئێسكی ران و سەری ئێسكی قاچ كە لە جومگەی ئەژنۆدا بەشدارن، قەپاغەكان لە ماددەی سیرامیك لەسەر سیرامیك یان سیرامیك لەسەر پلاستیك یان كانزای تایبەت لەسەر كانزا دروستكراون و بە ماددەی چیمەنتۆی تایبەتی ئێسك بە یەكەوە دەلكێنرێن. ئەو حاڵەتانەی كە پێویستیان بە گۆڕینی جومگە هەیە بریتین لە: یەكەم، هەوكردنێكی سەختی جومگەی ئەژنۆ لە جۆری رۆماتۆید، هەوكردنی سەخت لەبەر داخورانی جومگە (سەوەفان) كە بە درەمان و دەرزی ناو جومگە و چارەسەری سروشتی بۆ ماوەی 6 مانگ یان پتر كۆنترۆل نەكرێت لەگەڵ چەند نیشانەیەكی وەكو ئازاری جومگە كە خەوی نەخۆش تێكبدات، ئازارێك بە هیچ چارەسەرێك سووك نەبێت، ئازارێك كە تەگەرە بخاتە بەردەم جوولە و چالاكیی ئاسایی رۆژانە، دووەم: گرێی شێرپەنجەیی یان گرێی ناشێرپەنجەیی لە جومگەی ئەژنۆدا. ئەو حاڵەت و نەخۆشییانەی كە رێگرن لەبەردەم نەشتەرگەریی بەستنی جومگەی دەستكرد ئەمانەن: بوونی هەوكردنی بەكتیری لە جومگەدا، قەڵەویی زۆر (پتر لە 150 كیلۆگرام كێشی لەش)، لاوازیی ماسوولكەی چوارگۆشەیی Quadriceps كە كەوتۆتە بەشی پێشەوەی ران و رۆڵێكی بەرچاوی هەیە لە رۆیشتن و بەكارهێنانی جومگەی ئەژنۆدا، لاوازیی لێشاوی خوێن لە ناوچەكەدا لەبەر نەخۆشی لە بۆڕیە خوێنییەكاندا، شێرپەنجە كە بڵاوبووبێتەوە و گەیشتبێتە قۆناغێكی پەرەسەندوو. ئەم نەشتەرگەرییە ئاكامی زۆر باشی هەیە، ئازار لە جومگەدا نامێنێت، تووشبوو بە ئاسانی چالاكیی رۆژانەی خۆی بەسەردەبات، بەڵام زۆربەی جومگە دەستكردەكان تەنیا بۆ ماوەی 15-10 ساڵ دەمێننەوە پاشان دووبارە پێویستییان بە گۆڕین دەبێت.
Top