گرنگیی بەهارات لە خۆراكدا

گرنگیی بەهارات لە خۆراكدا
بەهارات Spices جگە لەوەی كە چێژ و بۆنێكی خۆش بەجۆرەها خۆراك دەبەخشن، چەندین ماددەی خۆراكی گرنگ لەخۆدەگرن وەكو ماددەی دژەئۆكسان، چەوری باش، هەروەها ڤیتامین و كانزایەكان كە بایەخی تەندروستی زۆریان هەیە. بەهارات لە كۆن و ئێستاشەوە بۆتە بەشێكی گرنگ لە خۆراك. لە لایەنی رووەكزانییەوە بەهارات لە 3 گروپ پێكدێن: گروپی یەكەم بریتییە لە گەڵاكان، گروپی دووەم هەندێك جۆری میوە و تۆوەكان وەكو رەزیانە و بیبەری رەش و خەردەل Mustard دەگرێتەوە، گروپی سێیەمیش چەند رەگێكی رووەكی دەگرێتەوە وەكو سیر و زەنجەبیل. پێكهاتەكانی بەهارات دژی مەیینی خوێن و بەیەكەوە نووسانی خەپلەكانی خوێن لەناو لوولەكانی خوێندا كاردەكەن، بەمەشەوە یارمەتی هاتووچۆی خوێن دەدەن و لەش لە تووشبوون بە جەڵتە و نەخۆشی خوێنبەرەكانی دڵ دەپارێزن. پێكهاتەكانی زۆربەی جۆرەكانی بەهارات رۆڵی پۆزەتیڤیان هەیە لە رێكخستنی جوولەی ریخۆڵە و هاندانی كرداری هەرسكردنی خۆراك بە یارمەتیدانی دەردانی گیراوەكانی گەدە و ریخۆڵە و كەمكردنەوەی كۆبوونەوەی گاز لە گەدەو ریخۆڵەدا. بەهارات سیفەتی دژی هەوكردنی هەیە بەتایبەتی ڤایرۆسەكانی ئیفلوەنزا و هەڵامەت، هەروەها دژی كرمەكانیش كاریگەرە. هاوكات چەندین كانزای وەكو پۆتاسیۆم، مەنگەنیز، ئاسن، مەگنسیۆم لەخۆدەگرن كە رۆڵی گرنگیان بۆ تەندروستی هەیە.
Top