خورما Dates جگە لە شەكر سەرچاوەیەكی دەوڵەمەندە بۆ ریشاڵی رووەكی. ریشاڵ دوو جۆری هەیە ریشاڵی تواوە و نەتواوە، هەردووكیان سوودی تەندروستیی تایبەتیان هەیە. جۆری تواوە كۆنترۆلی نەخۆشی شەكرە دەكات بەوەی كە ئاستی شەكری خوێن دادەبەزێنێت، هەروەها ئاستی كۆلیسترۆل دادەبەزێنێت بەتایبەتی كۆلیستیرۆلی خراپ. جۆری نەتواوە تێكڕای جوولەی خۆراك لە ریخۆڵەدا تاودەدات و دژی قەبزی كاردەكات. رێژەی كاربۆهیدرات بە شێوەی شەكر لە خورمادا دەگاتە نزیكەی %73، خورما هەر سێ شەكری فركتۆز و گلوكۆز و سوكرۆز لەخۆدەگرێت كە لەش بە ئاسانی سوودیان لێ وەردەگرێت، بۆیە خورما بە سەرچاوەیەكی دەوڵەمەندی وزە دادەنرێت، بەڵام رێژەی شەكر لە روتابدا كەمترە و دەگاتە نزیكەی 25%. هەروەها خورما پرۆتین و زەیت و كانزایەكانی كالسیۆم، سولفەر، ئاسن، پۆتاسیۆم، كۆپەر، مەنگەنیز، مەگنسیۆمی تێدایە، كە هەموویان بایەخی تەندروستی زۆریان هەیە. خورما گەلێك ڤیتامینی تێدایە وەكو ڤیتامینB1، B2، B5، B6، ئەم ڤیتامینانە گرنگی تەندروستی زۆریان هەیە لە دروستبوونی هیمۆگلۆبین و خڕۆكە سوور و سپییەكانی خوێندا، هێشتنەوەی ئاستی شەكری خوێن. خورما مەگنسیۆمی تێدایە كە زەروورە بۆ تەندروستیی ئێسكەكان، ئەمە جگە لەكانزای ئاسن كە گرنگە بۆ دروستبوونی خڕۆكە سوورەكانی خوێن. لەگەڵ هەموو ئەمانەدا، خورما هیچ كۆلیسترۆلی تێدا نییە. خورما سەرچاوەیەكی باشە بۆ پۆتاسیۆم كە زۆر گرنگە بۆ گرژبوونی ماسوولكەكانی لەش و ماسوڵكەی دڵ و كۆئەندامی دەمار لەگەڵ دابەزاندنی پەستانی خوێن. خواردنی خورما دەمانپارێزێت لە قەبزی، گرفتەكانی ریخۆڵە، سكچوون، هەروەها لە شێرپەنجەكانی كۆئەندامی هەرس.