لەگەڵ شەپۆڵی گەرمادا یەكێك لە رێگاكانی فێنككردنەوە بریتییە لە بەكارهێنانی پانكەی كارەبایی Electric fan. بەم دواییە لە چەندین لێكۆڵینەوەدا دەركەوتووە كە بەكارهێنانی پانكەی كارەبایی لە گەرمای بەرزدا زیان بە تەندروستی دەگەیەنێت بەتایبەتی ئەگەر پلەی گەرمی دەوروبەر بەرزتر بێت لە 95 پلەی فەهرنهایت. بۆ نموونە لەوانەیە كە لەجیاتی فێنككردنەوە ببێتە ئەگەری بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش، هەروەها ئەمەش مرۆڤ تووشی شەكەتیی دەروونی یان سترێس دەكات و هانی كرداری ئارەقەكردن دەدات، زیاد ئارەقەكردنیش دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی رێژەی شلەی لەش Dehydration و تێكچوونی باڵانسی ئەلیكترۆلایتەكان، وەكو سۆدیۆم و كلۆر و پۆتاسیۆم، ئەمەش كاریگەری دەكاتە سەر زۆربەی فرمانەكانی لەش لە دڵەوە بگرە تا دەگاتە دەمارەكان. نیشانەكانی كەمبوونەوەی رێژەی شلەی لەش بریتین لە: وشكبوونی دەم و قوڕگ، كەمبوونەوەی میز و تاریكبوونی رەنگی، كەمبوونەوەی فرمێسك، قوڵبوونی چاوەكان، هەستكردن بە بێهێزی گشتی، سەرئێشە، دابەزینی پەستانی خوێن بە شێوەی سەرسووڕان لەكاتی هەڵسانەوە لەپاش پاڵكەوتندا، زیادبوونی لێدانەكانی دڵ، لە حاڵەتە سەختەكانیشدا مرۆڤ تووشی هێدمە دەبێت. ئەم كاریگەرییانە لە منداڵ و بەساڵاچووەكان و تووشبووانی نەخۆشییە درێژخایەنەكان زیاتر روون و بەرجەستە دەبێت. بۆ خۆپاراستن لە كاریگەرییەكانی گەرما بڕێكی زۆری شلە بخۆرەوە هەتا ئەگەر هەست بە تێنووێتییش نەكەیت، دووركەوە لە خواردنەوە كافائینییەكان و ئەلكهول، لە كاتە گەرمەكانی رۆژدا لە شوێنێكی فێنك و سێبەردا بمێنەوە و زۆر مەجووڵێ و مەشقی وەرزشی ئەنجام مەدە، هەروەها جلی تەنك و فراوان و رەنگ كاڵ لەبەربكە.