سەرئێشە Headache نیشانەیە بۆ چەندین حاڵەت و نەخۆشی سادە، لەوانەشە كە هەندێك جار نەخۆشییەكی سەختی لەپاڵەوە بێت، هەروەها گەلێك فاكتەر لە سەرهەڵدانی نۆرەی سەرئێشە یان لە توندی سەرئێشەدا رۆڵیان هەیە. لە مانگی رەمەزاندا لەگەڵ رۆژووگرتندا گەلێك كەس دوچاری سەرئێشە دەبن، با بزانین هۆكارەكان بۆچی دەگەڕێنەوە. باوترین هۆكار بریتییە لە دابەزینی ئاستی شەكری گلوكۆز Hypoglycemia لە خوێندا كە زیاتر لەپاش نیوەڕۆ و كاتی عەسردا هەستی پێدەكرێت. بەرزبوونەوەی خێرای ئاستی شەكری خوێن لەپاش رۆژوو شكاندندا لەوانەیە ببێتە هۆی سەرئێشە. كەمبوونەوەی رێژەی شلە لە لەشدا Dehydration كە زۆر باوە لە رۆژووانان لەم هاوینە گەرمەدا هۆكارێكی دیكەیە كە جگە لە سەرئێشە دەبێتە ئەگەری چەندین نیشانەی وەكو بێهێزیی لەش و وشكبوونی دەم و قوڕگ و سەرسووڕان لەبەر دابەزینی پەستانی خوێن. جگەرەكێشان هۆكارێكی دیكەیە كە لەبەر كاریگەری ماددەی نیكۆتین لەسەر شانەكانی مێشكدا سەرئێشە پەیدا دەكات. گوشار و شەكەتیی دەروونی یان سترێس لەبەر بارگرانی كار دەبێتە هۆی گرژەسەرئێشە Tension headache. كەش و هەوای گەرم هانی سەرهەڵدانی سەرئێشە دەدات بەتایبەتی شەقەسەر، بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی بە 9 پلەی فەهرەنهایت ئەگەری سەرئێشە بە رێژەی 7.5% زیاد دەكات، هەروەها دابەزینی پەستانی ئەتمۆسفیر كە زیاتر پێش باران بارین روودەدات تا رادەیەكی كەم وروژێنەرە بۆ سەرئێشە. راهاتن لەسەر خواردنەوە كافائینییەكان وەكو قاوە، چای، كاكاو لە رۆژوواناندا لەگەڵ گۆڕانكاریی لە كاتی ژەمەكانی خواردندا دەبێتە هۆی سەرئێشە، هەروەها گۆڕینی كاتەكانی نووستن و لەخەو هەڵسان، كەم نووستن و زیاد نووستن هەردووكیان دەبنە ئەگەری سەرئێشە. لە تووشبووان بە شەقەسەر كە جۆرێكی سەرئێشەیە لەوانەیە نۆرەكانی سەرئێشەیان زیاتر بن لەبەر گۆڕینی جۆرەكانی خۆراك و كاتەكانی خواردن و نووستندا.