ڤیتامین K كۆمەڵێك ئاوێتەی كیمیایی دەگرێتەوە كە لە پێكهاتنەوە لە یەكتر نزیكن و لە چەوریدا دەتوێنەوە، ئەم گروپە بریتییە لە ڤیتامین K، K1، K2، K3. جۆرە سروشتییەكەی ڤیتامین K بریتییە لە ڤیتامین K1 كە لە خۆراكە رووكەییەكاندا هەیە. ڤیتامین K لە كرداری مەیینی خوێندا لە رێگای گواستنەوەی كانزای كالسیۆم زۆر گرنگە، هەروەها لەوانەیە كە رۆڵی هەبێت بۆ پاراستنی تەندروستی ئێسكەكان لە پووكانەوە و لاوازبوون. ڤیتامین K لەوانەیە كە رۆڵی هەبێت بۆ رێگرتن لە نیشتنی كالسیۆم لە خوێنبەرەكان و شانە نەرمەكاندا. سەرچاوەكانی ڤیتامین K ئەمانەن: سەوزە گەڵا تاریكەكانی وەكو سڵق، سپێناغ، كەرەوز، برۆكۆلی، قەرنابیت، جگەر، زەیتی سۆیا Soybean oil. ئەگەرچی كەمیی ڤیتامین K بە دەگەمەن بەدی دەكرێت، بەڵام دەبێتە هۆی گرفت لە كرداری مەیینی خوێن بەتایبەتی لەپاش خوێنبەربووندا لەگەڵ تاودانی كرداری پووكانەوەی ئێسك. نیشانەكانی دیكەی كەمیی ڤیتامین K بریتین لە: خوێنبەربوون لە كۆئەندامی هەرسدا، پنتی خوێنبەربوون لەژێر پێستدا، خوێن لەگەڵ میزدا، قورسبوونی خوێنبەربوون لەكاتی سووڕی مانگانەدا. ئەو كەسانەی كە ئەگەری كەمیی ئەم ڤیتامینەیان لێدەكرێت ئەوانەن كە دوچاری بەدخۆراكی و راهاتن لەسەر خواردنەوەی ئەلكهول بووینە.