نەخۆشیی سەدەف Psoriasis بریتییە لە هەوكردنێكی درێژخایەنی پێست، تووشبوون بەم نەخۆشییە ئەگەرچی مەیلێكی زگماكی هەیە و فاكتەرەكانی دەوروبەریش كاریگەرییان هەیە، بەڵام تا ئێستا هۆكارەكانی تووشبوون بە تەواوی نازانرێن. ئەم نەخۆشییە بە هیچ رێگایەك لە تووشبووەوە بۆ یەكێكی دیكە ناگوازرێتەوە. سەدەف لەخۆیەوە سووك و سەخت دەبێت و هەندێك جاریش بۆ ماوەی چەند ساڵێك نامێنێت بەڵام پاشان دووبارە دەگەڕێتەوە. ئەگەرچی چارەسەرێكی بنبڕ و یەكجارەكی نییە، بەڵام بەگشتی نەخۆشیی سەدەف بە چارەسەر كۆنترۆل دەكرێت. سەدەف لەوانەیە كە لە هەر تەمەنێكدا دەربكەوێت بەڵام زیاتر لە سەرەتای تەمەنی پێگەیشتووەكاندا پەیدا دەبێت. لە نەخۆشیی سەدەفدا، تفری پەمەیی یان سووری وشك لە پێستی زبربوو پەیدا دەبێت لەبەر خێرا دروستبوونی خانەكانی پێست، ئەمەش زیاتر لە پێستی ئەنیشك و ئەژنۆ و سەردا بەدی دەكرێت. لەوانەیە نیشانەكان لە مانگە ساردەكانی زستاندا سەختتر بن، هەروەها سترێس و قەیرانە دەروونییەكانیش نیشانەكان توندتر دەكەن. ئێستا چارەسەریی زۆر كاریگەر بۆ كۆنترۆلكردنی نەخۆشیی سەدەف لە بەردەستدان، بەڵام بۆ زانینی هەموو لایەنەكانی ئەم نەخۆشییە، هێشتا لێكۆڵینەوەی زۆری بۆ ئەنجام دەدرێت.