خواردنەوە كافائینییەكان Caffeinated drinks وەكو : چا، قاوە، كاكاو، كۆلا، خواردنەوە وزەبەخشەكان رێژەی جیاواز لە ماددەی كافائین لەخۆدەگرن. چا و قاوە بە شێوەیەكی بەربڵاو بەكاردێن لە هەموو وڵاتانی جیهاندا، قاوە Coffee یەكەمین خواردنەوەیە كە ئەمریكییەكان بە گشتی پتر لە چای و خواردنەوە كافائینییەكانی دیكەدا پەسەندی دەكەن. كافائین Caffeine وەكو هاندەرێك بۆ دڵ و كۆئەندامی دەماری مەركەزی ناسراوە، هەروەها پەستانی خوێن بە شێوەیەكی كاتی بەرزدەكاتەوە. خواردنەوە كافائینییەكان بە بڕی زۆر لەوانەیە كە لە هەندێك كەسدا كاریگەریی درێژخایەنی هەبێت، بۆیە دەبێ ئەو نەخۆشانەی كە پەستانی خوێنیان بەرزە دووركەونەوە لەم خواردنەوانە. هەروەها بۆ ئافرەتە دووگیان واباشە كە بڕی رۆژانەی كافائین لە 300 ملگم كەمتر بێت. قاوە لەوانەیە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی شەكرە كەم بكاتەوە، بەڵام ئەم مەسەلەیە هێشتا لەژێر لێكۆڵینەوەدایە، هەروەها سەرئێشە سووك دەكات، مەزاج خۆشتر دەكات. سوودەكانی قاوە زیاتر دەگەڕێنەوە بۆ ماددەی كافائین و مادە دژەئۆكسانەكان، بۆ نموونە یەك كوپ قاوە نزیكەی 80 ملگم كافائینی تێدایە واتە سێ جار پتر لە كوپێك چا یان كۆلا. ئەوەش لای هەمووان روونە كە خواردنەوەی قاوە هاندەرە بۆ مێشك و دەزگای دەمار و وات لێدەكات كە هیلاكی فەرامۆش بكەیت و بە چالاكییەوە كارەكانت بەڕێوە ببەیت. نابێ ئەمەش لە یاد بكەین كە خواردنەوەی بڕی زۆری كافائیین بۆ نموونە قاوە بۆ تەندروستی باش نییە، لەوانەیە كە ببێتە هۆی تووڕەبوون و زوو هەڵچوون و دڵەكوتێ و دەست لەرزین، بۆیە وا باشترە كە بڕی رۆژانەی كافائین زێتر نەبێت لە 300 ملگم كە دەكاتە نزیكەی چوار كوپ قاوە لە رۆژێكدا.