لەگەڵ گرنگیی خوێ لە خۆراكدا، گرفت لەوەدایە كە سۆدیۆمی تێدایە، زیاد خواردنی سۆدیۆمیش لەوانەیە ببێتە ئەگەری بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن كە ئەمەش بە دەوری خۆی دەبێتە فاكتەرێكی هاندەر بۆ تووشبوون بە نەخۆشی لە كۆئەندامی دڵ و سووڕاندا. هەروەها بڕی زیادی خوێ لە خۆراكدا هۆكارە بۆ كۆبوونەوەی بڕێكی زیادی شلە و ئاوسانی لەش. لەو كاتەی كە خوێ سەرچاوەی گەورە و سەرەكیی سۆدیۆمە، بۆ كەمكردنەوەی خوێ لە خۆراكدا، دووركەوە لەو خۆراكە دەستكردانەی كە بڕێكی زۆری سۆدیۆم لەخۆدەگرن، بۆ نموونە خۆراكی قوتووبەند، ترشیات، چەرەز، خۆراكیی خێرا، ژەمە خۆراكییە فریزكراوەكان. كەمكردنەوەی بڕی خوێ لە خۆراكدا لەوانەیە كە یارمەتیدەر بێت بۆ ئەوەی كە پەستانی خوێنت لە سنوورێكی تەندروستییانە بمێنێتەوە. ئەگەرچی سۆدیۆم لە زۆربەی خۆراكەكاندا هەیە وەكو كەرە، مارگەرین، شیر، نان..تاد بەڵام خۆراكە دەستكرد و قوتووبەندەكان رێژەیەكی بەرزیی سۆدیۆم لەخۆدەگرن كە بە ناوی جیاواز لەسەر قوتوو و پاكێتەكان دەنووسرێت، بۆ نموونە مۆنۆسۆدیۆم گلوتامێت Monosodium glutamate، سۆدای كێك Baking soda، پاودەری كێك Baking powder، دایسۆدیۆم فۆسفەیت Disodium phosphste، سۆدیۆم ئەلگینەیت Sodium alginate، نایترایت و نایترەیتەكانی سۆدیۆم Sodium nitrate or nitrite. ژەمە فریزكراوە ئامادەكان بەگشتی پتر لە 500 ملگم سۆدیۆم لەخۆدەگرن، هەروەها بە گوێرەی ساسی سۆیا Soy sauce.