لەگەڵ مانگە گەرمەكانی هاویندا ئەوەی كە رۆژووان سەخڵەت دەكات تێنووبوونە، بۆیە هەر لەگەڵ بانگی ڕۆژووشكاندندا خەڵك پەنا دەبەنە بەر خواردنەوەی شلە، با بزانین كام شلە تەندروستیانەیە و كام شلە ناتەندروستیانە؟ هەوڵ بدە كە تێنووبوونت بە ئاو یان بە ماستاو بشكێنیت لەجیاتی خواردنەوە گازدارەكان و شەربەتی میوەی دەستكرد كە چەندین رەنگ و جۆر لە مانگی ڕەمەزاندا لە بازاڕەكان تەشەنە دەكەن. ئەم خواردنەوانە وزەی بەتاڵ Empty calories بە لەش دەبەخشن، هەروەها چێژ و بۆیە و بۆنیان تێكراوە كە ماددەی كیمیایین و بۆ تەندروستی پەسەند ناكرێن، ئەمە سەرەڕای ڕێژە زۆرەكەی شەكر كە ئەویش بۆ تەندروستی خراپە و بە دوژمنی دڵ ناسراوە. كۆلا و بیبسی ماددەی كافائین Caffeine لەخۆ دەگرن، ئەم مادەیە ئەگەرچی خانەكانی مێشك وریا دەكاتەوە، بەڵام لە لایەكی تریشەوە هانی كەمبوونەوەی شلە لە لەشدا دەدات، دەرەنجام دیسان پاش ماوەیەك هەستی تێنووبوون پەیدا دەكاتەوە. دەتوانیت شیرەی میوەی سروشتی لە ماڵەوە دروست بكەیت بەبێ ئەوەی كە شەكری تێبكەیت، لێرەدا ئەم شیرەیە سەرەڕای ڕێژەی بەرزی ئاو، چەندین ماددەی گرنگ لە ڤیتامین و كانزا و ماددە دژە ئۆكسانەكان لەخۆ دەگرێت كە سوودی زۆر بە تەندروستی دەگەیەنن.