ئارەقەكردنی شەوانە Night sweats واتە ئەو ئارەقەكردنەی كە لەكاتی نووستنی شەوانەدا بەدی دەكرێت كە لەوانەیە حاڵەتێكی ئاسایی فسیۆلۆژی یان نیشانەی نەخۆشییەك بێت، بۆ نموونە نووستن لە دەوروبەرێكی گەرم یان بەكارهێنانی بەتانی و پێخەفی گەرم هۆكارە بۆ ئارەقەكردنی شەوانە. ئارەقەكردنی شەوانە لە زۆربەی حاڵەتەكاندا دەبێتە ئەگەری ناڕحەتی و خەوزڕان یان لە خەو بێداربوونەوە. وەستانی یەكجارەكی عادەی مانگانە Menopause ئافرەت دوچاری ئارەقەی شەوانە دەكات. هۆكارەكانی تری ئارەقەی شەوانە بریتین لە: هەوكردنەكان بە بەكتریا یان ڤایرۆس وەكو تای ماڵتا Brucellosis و نەخۆشی سیل Tuberculosis، شێرپەنجە، زیانی لابەلای هەندێك درەمان، گرفتی هۆرمۆنی یان نەخۆشییە هۆرمۆنییەكان، دابەزینی ئاستی شەكری خوێن Hypoglycemia، نەخۆشی شەكرە، جەڵتەی مێشك، هەوكردنی دەزگای دەماری ئۆتۆنۆمیك، پەستی و نیگەرانی، هەڵچوونە دەروونییەكان، نەخۆشی گەڕانەوەی ترشەلۆكی گەدە بۆ بەشی خوارەوەی سوورێنچك GERD. لە هەندێك حاڵەتدا بە بێ هیچ هۆكارێكی زانراو زیاد ئارەقەكردن Idiopathic hyperhidrosis و ئارەقەی شەوانە ڕوودەدات. دۆزینەوەی هۆكاری ئارەقەكردنی شەوانە مەسەلەیەكی گرنگە، چونكە لەوانەیە كە نیشانەیەك بێت بۆ نەخۆشییەكی سەخت. لە ماڵەوە، زیاد خوارنەوەی شلە تا چوونە لای دكتۆر گرنگی زۆری هەیە بۆ جێگرتنەوەی ئەو شلەیەی كە بە ڕێگای ئارەقەكردنەوە ون دەبێت.