خاڵبوونی پێست

خاڵبوونی پێست
خاڵ خاڵبوونی پێست Freckles زیاتر لە تەمەنی پێش باڵغبووندا دەبینرێن، زۆر بە كەمی لە منداڵ و پێگەیشتوواندا پەیدا دەبن، خاڵەكان لەوانەیە لەو كەسانەدا دەكەوێت كە خاوەنی پێستێكی ئاسایین، بەگشتی تووشبوون بەم خاڵانە مەیلێكی زگماكی هەیە. لەوانەیە لەسەر هەر جۆرێكی پێستدا دەركەون سپی، ئەسمەر ڕەش، بەڵام لەسەر پێستی سپیدا زیاتر بەرچاو و دیارن. ئەم خاڵانە بریتین لە پنتی چڕی میلانین Melanin لە پێستدا. لەوانەیە كە لە ناوچەی دەموچاو یان لە هەر شوێنێكی تری لەشدا دەركەون كە بەر تیشكی خۆر دەكەون، خاڵەكان فلات و ڕەنگیان قاوەیی یان سوور بێت. لەوكاتەی كە پێست بەر تیشكی خۆر دەكەوێت، ئەوا تیشكی سەرووی وەنەوشەیی هانی خانەكانی میلانین دەدات بۆ زیاتر بەرهەمهێنانی بۆیەی میلانین و پەیدابوونی خاڵ. پێستی كەسانی تووشبوو بەم خاڵانە لەوانەیە كە زیاتر ڕووبەڕووی كەریگەرییەكانی تیشكی سەرووی وەنەوشەیی ببنەوە. لە هەندێك حاڵەتدا، لەوانەیە كە خاڵەكان لەخۆیانەوە بە تێپەڕبوونی كات كاڵ بن و نەمێنن، گەلێك جاریش پاش ئەوەی كە بە كرێم یان تیشكی لێزەر مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت و كاڵ دەبنەوە دووبارە پەیدا دەبنەوە پاش بەركەوتنی پێست بە تیشكی خۆر، بەڵام بەكارهێنانی كرێمێكی دژەخۆر سوودی دەبێت لەپاش چارەسەركردندا. هەندێك لەم خاڵانە لە وەرزی زستاندا كاڵ دەبنەوە. بۆ چارەسەركردنی خاڵەكان سوود لە كرێمی كاڵكەرەوە و ماددە ڕێتینۆیدەكان Retinoids وەردەگیرێت. هەندێك جاریش نایترۆجین شل Liquid nitrogen بۆ فریزكردنی خاڵەكان بەكاردەهێنرێت. هەروەها چارەسەر بە تیشكی لێزەر و تاشینی كییمیایی Chemical peeling لە هەندێك حاڵەتدا بەكاردێن.
Top