جەڵتەی مێشك Stroke واتە گیران یان تەقینی بۆڕییەكی خوێن لە مێشكدا. مێشك بەردەوام پێویستی بە خوێن و ئۆكسجینە، كە بۆ ماوەیەكی كەم لێی ببڕێت، ئەوا ئەو بەشەی مێشك دوچاری مردن دەبێت كە بۆڕییە خوێنەكەی بۆ دەچێت، لە ئەنجامدا فرمانی ئەم بەشەی مێشك دەشێوێت كە لەوانەیە ببێتە ئەگەری دەركەوتنی چەندین نیشانە لە لەشدا وەكو: سڕبوون یان لاوازبوون یان ئیفلیجبوونی بەشێكی لەش، بۆ نموونە دەموچاو، پەلی سەرەوە یان پەلی خوارەوە یان نیوەی لەش، تێكچوونی بینین بەشێوەی بینینی دووانی Double vision، شێوانی هۆش، گرفت لە تێگەیشتندا، تێكچوونی قسەكردن و دەربڕینی ڕستە و وشەكان، گرفت لە كرداری ڕۆیشتن و هاوسەنگی لەش، سەرسووڕان، سەرئێشەیەكی سەخت. تێكچوون لە شانەكانی مێشك لەوانەیە كە بە خێرایی ڕووبدات، بۆیە چارەسەركردنی كتوپڕ لەوانەیە كە شانە ساغەكانی تری مێشك بپارێزێت و چانسی چاكبوونەوە زیاتر بكات. گیرانی خوێنبەر بە تۆپەڵێكی بچووكی خوێنی مەییو Blood clotsباوترین حاڵەتەكانی جەڵتەیە، گەلێك جار چارەسەری خێرا بە دەرمانێكی تایبەت دەبێتە ئەگەری تواندنەوەی، بەمەشەوە هاتووچۆی خوێن دووبارە بۆ شانەكانی مێشك دەگەڕێتەوە. لە حاڵەتەكانی تەقینی بۆڕییەكی خوێن و خوێنبەربوون لەناو شانەكانی مێشكدا، ڕێگا چارە بۆ ڕاگرتنی ئەم خوێنبەربوونە بریتییە لە نەشتەرگەرییەكی خێرا، ئەمەش فشار لەسەر شانەكانی مێشك كەم دەكاتەوە واتە ئەگەری تێكچوونی شانەكانی مێشك كەمتر دەكاتەوە.